"لە 94%ی بەرهەمهێنانی نەوت لەپارێزگای هەولێر و دهۆکە"
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، 94%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتە، دەشڵێت، "58%ی داهاتی نەوت دەدرێتە كۆمپانیاكانی نەوت".
كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەکۆبوونەوەی ئەمشەوی پەرلەماندا رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەپارێزگاکانی هەرێم بەم شێوەیە دابەشبووە؛ پارێزگای دهۆك: 54%، پارێزگای هەولێر: 40% و پارێزگای سلێمانی: 6%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، 58%ی داهاتی نەوت دەدرێتە كۆمپانیاكانی نەوت و خەرجی و 42%ی وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، لەئێستاشدا ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوت (450 هەزار) بەرمیلە.
لەبارەی بەرنامەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش بۆ رێکخستنەوەی کەرتی نەوت و غاز، کەمال ئەتروشی وتی، "ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانم وەرگرتووە، کاتێک ئەم وەزارەتەم وەرگرتوە موئەسەساتی تیادا نەبووە، ئینجا گرنگترین شت وەزارەت کارناکات ئەگەر موئەسەساتی تایبەتمەند نەبێت بەتایبەتی لە بواری نەوت و غاز چونکە موعەقەتە و سیلسیلەیەکی دورو درێژە لەبەرئەوە پێویستە موئەسەسات هەبێت لەناویدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەوەی دەستبەکاربووم بۆ بە موئەسەساتکردنی ئەو وەزارەتە، من بەشداربووم لە کابینەی نۆیەم چونکە لە بنەرەتدا بروایەکم هەبوو کە کاربکەم لەگەڵ برادەرەکانم لەسەر بەرنامەی سەرۆک وەزیران بوو کە ئەو کابینەیە ئەساسەکەی چاکسازی و شەفافیەت و عەدالەتە و من لەبەرئەوە هاتم".
وەزیری سامانە سروشتیەکان ئەوەشی خستەڕوو، "من پێویستم بەو کارە نەبووە و داهاتم دوسەد جار زیاتر بو لە معاشەکەی ئێستام و شوێنەکەشم مەوقعێکی زۆر گەورە بوو لە ئێستا،چونکە هاتم بۆ ئەوەی شتێک بکەم و ئەو چاکسازیە و شەفافیەت و عەدالەتە جێبەجێ بکەم، چونکە دەزانم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان عەمودی فەقەری ئابوری کوردستانە".
