سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: قەرزەكانی حکومەت گەیشتە 31 ملیار دۆلار
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی 3ی ساڵی رابردوودا 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار بووە، بەڵام لەئێستادا كۆی قەرزەكان گەیشتوەتە 31 ملیار دۆلار.
ئامانج رەحیم لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە و رایگەیاند، مانگی ئازاری ساڵی 2020د کۆی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان 28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام لە مانگی 3ی 2021دا قەرزەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار.
دووشهممه پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کۆبووەوە.
لەکۆبونەوەکەدا کە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون، گفتوگۆ لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران، بارودۆخی دارایی و کورتهێنانی بودجە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران کرا.
