سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران: لە 88%ی داهاتی حکومەت بۆ موچه‌ ده‌ڕوات

5 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ی نیسان داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیار و 254 ملیۆن دینار بوه‌، كه‌ ناكاته‌ مانگی 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بوه‌، به‌ هه‌ردوكی موچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردوه‌، دەشڵێت، "%88ی داهات بۆ موچه‌ ده‌ڕوات".

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لەمیانی کۆبونەوەی پەرلەماندا رایگەیاند، "له‌ فرۆشتن و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم چاكسازی زۆر كراوه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌ك ساڵه‌ خۆی سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌كات و كۆمپانیاكه‌ی پێشو نه‌ماوه‌، تیمێكی خۆماڵی حكومی سه‌رپه‌رشتی فرۆشتنی نه‌وت ده‌كه‌ن".

ئاماژەی بەوەشکرد، پارەی نەوت جاران ده‌چوه‌ بانكێكی ئه‌هلی و ئێستا ده‌چێته‌ بانكێكی گه‌وره‌ و حسابه‌كه‌ حكومییه‌ و به‌ ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌یه‌، "پێنج گرێبه‌ستی كڕینی نه‌وت هه‌بون، سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی سه‌رپه‌رشتی چاكسازی كردوه‌ و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ دوانیان چاكسازی تێدا كراوه‌".

بەپێی وتەی ئومێد سه‌باح، "11%ی داهاتی نه‌وت بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوات و ئێستا گفتوگۆ بۆ هه‌مواری گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌كرێت، 6%ی داهاته‌كه‌ بۆ كرێی گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ناو خاكی توركیا، چوار مانگ شایسته‌ی دارایی كۆمپانیاكان نه‌درابو، 5%ی داهات بۆ قه‌رزه‌كان ده‌ڕوات".

له‌باره‌ی رێژه‌ی داهاتی نانه‌وتی و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی، ئومێد سه‌باح وتی، "خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت ته‌نیا موچه‌ نییه‌، حكومه‌ت خه‌رجی دیكه‌ش له‌سه‌ره‌، داهاتی ناوخۆش رونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ 65%ی داهاتی نانه‌وتی داهاتی گومرگه‌كان بوه‌".

لەبارەی قەبارەی داهات، ئومێد سەباح دەڵێت، "له‌ 1ی 1ی 2021 تا 30ی 4ی 2021 داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیار و 254 ملیۆن دینار بوه‌، كه‌ ناكاته‌ مانگی 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بوه‌، به‌ هه‌ردوكی موچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردوه‌"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار