حکومه‌تى هه‌رێم کۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى داده‌مه‌زرێنێت
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
راوێژکارێکى سه‌رۆکى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى وزه ئاشکراى ده‌کات، وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌کان کار بۆ به‌دامه‌زراوه‌ییکردنى وه‌زاره‌ت ده‌کات و بڕیاره کۆمپانیایه‌کى نیشتیمانى له بوارى نه‌وت دابمه‌زرێت.
بێوار خنسى، به ماڵپه‌رى فه‌رمى پارتى ڕاگه‌یاند:" وه‌زیرى سامانه سرووشتییه‌کان کار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى به کردارى وه‌زاره‌تى سامانه‌سرووشتییه‌کان به‌دامه‌زراوه‌یى بکات به‌پێى یاساى نه‌وت و غازى ھه‌رێمى کوردستان، که له ساڵى ٢٠٠٧ ده‌رچووه، که ئه‌و وه‌زاره‌ته له نۆ دامه‌زراوه‌ى زۆر گرنگ پێکھاتووه، که بریتین له رێکخستنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى نه‌وت و گه‌ڕان به دواى نه‌وت و دۆزینه‌وه وھه‌ڵکۆڵین و ده‌رخستن و گواستنه‌وه و پاڵاوتن".
ناوبراو راشیگه‌یاند:" ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى دامه‌زراندنى کۆمپانیایه‌کى نوێ بۆ ئه‌وه‌ى ھه‌ر یه‌ک به‌کارى خۆیان ھه‌ڵسن ، بێگومان ئه‌مه‌ش وا ده‌کات کاره‌کان به جوانى رێکبخرێن و بێ شک داهاتى هه‌رێمى کوردستانیش زیاد ده‌بێت".
ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد، بڕیاره سێ کۆمپانیا دروست بکرێن، که یه‌کێکیان ھى به‌رھه‌مھێنان و ئه‌وه‌ى دیکه ھى پاڵاوگه و ئه‌وه‌ى تریش ھى گه‌ڕانه به‌دواى نه‌وتدا، ئه‌مه‌ش ھاوکارێکى باشى به‌ڕێوه‌بردنى نه‌وتى ھه‌رێم ده‌بێت و وا ده‌کات داھاتى ھه‌رێم زیاد ببێت.
