ئه‌و خانووانه‌ى به‌زیاده‌ڕۆیى دروستکراون تاپۆ ده‌کرێن
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى لیژنه‌ى شاره‌وانییه‌کان له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت هه‌موو ئه‌و خانوانه‌ى به زیاده‌رۆیی دروست کراون تا کۆتایى ساڵى 2020 بۆیان تاپۆ ده‌کرێت.
په‌رله‌مانى کوردستان له‌دانیشتنى ژماره ١٧ى خولى به‌هاره‌یدا هه‌موارى یاساى به‌خاوه‌نکردنى ئه‌و زه‌وییانه‌ى که له‌سنورى شاره‌وانییه‌کان زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر کراوه به‌ده‌نگى ٦٨ په‌رله‌مانتار په‌سه‌ندکرد.
به‌پێى هه‌موارى یاساکه، هه‌موو ئه‌و خانووانه‌ى به‌زێده‌ڕۆیى دروستکراون و ده‌که‌ونه نێو ماسته‌رپلانى شاره‌وانییه‌کان له‌سه‌ر خاوه‌نه‌کانیان تاپۆ ده‌کرێن به‌مه‌رجێک رێگرنه‌بێت له خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌کان.
لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆکى لیژنه‌ى شاره‌وانیو گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانى کوردستان دواى په‌سه‌ندکردنى هه‌موارى یاساکه له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانییدا وتی، "به‌هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانییه‌کان له پارێزگاکان و ئیداره سه‌ربه‌خۆکان هه‌ستاین به هه‌موارکردنه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه، به‌شێوه‌یه‌ک که له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستان بێت وه به‌شێوه‌یه‌ک بێت، خه‌ڵکى هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ت سوودى لێ وه‌ربگرن له چوارچێوه‌ى جێبه‌جێکردنى حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه، بتوانن ببنه خاوه‌نى خانووى خۆیان و خانووه‌کانیان له‌سه‌ر تاپۆبکرێت".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ئێمه و ته‌خمینه‌کانمان زیاتر له 300 هه‌زار که‌س له هه‌رێمى کوردستان سوود له جێبه‌جێکردنى حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه وه‌رده‌گرن، کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریمان تێداکردووه که له به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتییان بێت، یه‌کێک له‌وانه نرخه‌کانمان دابه‌زاندووه بۆ له‌سه‌دا پێنج له نرخى راسته‌قینه‌ى زه‌وى له شار و شارۆچکه‌کان، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و خانوانه‌ى تاوه‌کو ٣١ى کانوونى یه‌که‌مى ساڵى ٢٠٢٠ به‌زێده‌ڕۆیى دروستکراون و که‌وتوونه‌ته ناو ماسته‌رپلانى سنوورى شاره‌وانییه‌کان به‌مه‌رجێک پێچه‌وانه‌ى ماسته‌رپلانى شاره‌وانییه‌کان نه‌بن و رێگرنه‌بن له خزمه‌تگوزارى گه‌یاندن به گه‌ڕه‌که‌کان حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه ده‌یانگرێته‌وه".
هاوکات ئه‌وه‌شى خسته‌روو که "بۆ ئه‌و ناوچه و شار و شارۆچکانه‌ش که له سه‌رده‌مى رژێمى رابردوو دووچارى وێرانبوون هاتوون، قه‌زاو ناحیه‌کانى سه‌ر سنوور تایبه‌تمه‌ندییه‌کمان جیاکردووه‌ته‌وه که به له‌سه‌دا دووى نرخى راسته‌قینه‌ى زه‌وى خانووه‌کانیان له‌سه‌ر تاپۆ ده‌کرێت، هاوشێوه‌ى قه‌زاى چۆمان و مێرگه‌سوور له پارێزگاى هه‌ولێر، قه‌زاى پێنجوێن، هه‌ڵه‌بجه، چوارتا و قه‌ڵادزێ له سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له سه‌رده‌مى رژێمى رابردوو دووچارى وێرانکردن هاتوون و له‌دواى راپه‌ڕین ئاوه‌دان کراونه‌ته‌وه حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه ده‌یانگرێته‌وه".
ده‌رباره‌ى رووبه‌رى دیاریکراو به‌پێى یاساکه بۆ به‌خاوه‌نکردنى خانووه‌کان، لوقمان وه‌ردى رایگه‌یاند، "رووبه‌ر له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاکان ٣٠٠ مه‌تر، له‌سه‌ر ئاستى قه‌زاکان ٤٠٠ مه‌تر و له‌سه‌ر ئاستى ناحیه‌کان ٥٠٠ مه‌تر ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه ئه‌و خانوو و ڤێلایانه جێبه‌جێ نابێت که له‌سه‌ر زه‌وى کشتوکاڵى جێبه‌جێکراون، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه جێبه‌جێ ده‌بێت که که‌وتوونه‌ته نێو ماسته‌رپلانى شاره‌کان و ئه‌و گه‌ڕه‌که دووره ده‌ست و هه‌ژار نشینانه‌ى که به‌حوکمى ئه‌و بارودۆخانه‌ى له هه‌رێمى کوردستان هاتوونه‌ته‌پێش به‌حوکمى که‌مده‌رامه‌تى خه‌ڵک به‌ناچارى زێده‌ڕۆییان کردووه‌ته سه‌ر موڵکه‌کانى شاره‌وانی، حوکمه‌کانى ئه‌م یاسایه ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه جێبه‌جێ ده‌بن".
سه‌رۆکى لیژنه‌ى شاره‌وانى له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رباره‌ى گرنگى ده‌رچواندنى یاساکه رونیکرده‌وه، "ئه‌م یاسایه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌کى باش بۆ رێککردنه‌وه و رێکخستنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى ماسته‌رپلانى شاره‌وانى ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ى به زێده‌ڕۆیى دروست بوون و ده‌بێته هانده‌رێک بۆ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى پێویست بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینانه‌ى به زێده‌رۆیى دروستکراون".
له‌کۆتایى کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌شیدا لوقمان وه‌ردى وتی، "به‌و ئامانجه ئه‌م یاسایه‌مان هه‌مووار کردووه‌ته‌وه و حوکمه‌کانیمان گه‌یاندووه‌ته ٣١ى کانوونى یه‌که‌مى ٢٠٢٠ تاوه‌کو کۆتایى بهێنێت به‌دیارده‌ى زێده‌ڕۆییکردن و ناڕێکى له شار و شارۆچکه‌کان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ئه‌مڕۆ په‌سه‌ند کرا".
