ئەنجومەنی وەزیران لەسەر رێکخستنەوەی داهاتی گشتی باج و رسومات کۆدەبێتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێکخستنەوەی داهاتی گشتی باج و رسومات و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە .
ئەمڕۆ چوارشهممه 7ی تهمموزی 2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند:" ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
- خستنەڕووی پوختەی دەرئەنجامی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە (16) لە ڕۆژی دووشەممە 28ی حوزهیرانی 2021، و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەلایەن شاندی وەزارییەوە و خستنەڕووی راسپاردەی کۆتایی دانیشتنی پەرلەمان.
- خستنەڕووی دەقی هەموارکراوی رەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان - عیراق ژمارە (5)ی ساڵی 2010) تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی (التأمین).
- خستنەڕووی راپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق).
- خستنەڕووی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری لە رۆژی یەکشەممە 7ی تهمموزی 2021، سەبارەت بە رێکخستنەوەی داهاتی گشتی باج و رسومات.
