پارێزگاری هەولێر: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانە تیرۆریستی بوو

5 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانە هێرشێکی تیرۆریستییە و شاری هەولێرش زۆر ئارامە. 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەدوای هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ئاسایش و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکە دەستپێکردووە".

پارێزگاری هەولێر وتیشی "هەولێر زۆر ئارامە بەو کارە ترسنۆکانە ناهەژێت و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، هێرشەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە و ئامانجی هێرشەکەش وەک دیارە کە هەولێر ناوەند و چەقی بڕیاری سیاسییە و هەمیشە ئامانجی تیرۆرستان دەبێت."

پارێزگاری هەولێر بەتووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و داوایشی لە هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق کرد کە لێکۆڵینەوەی جددی لەو هێرشانە بکەن کە دەکرێنە سەر هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی سێشەممە 06-07-2021 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان راگەیاندروێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، تەنها ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن."

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا گوتی، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار