ئیلهام ئەحمەد: ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان پێشمەرجمان نییە بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بەڵکو پرۆژەیان هەیە کە وەک خاڵی چونە ژورەوە بۆ چارەسەر دەیبینن و بەدوای قەناعەتپێکردنی لایەنەکاندان".
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئوگاریت پۆست" لەبارەی لێدوانی وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەست بە دیالۆگی نێوان حکومەتی سوریا و خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، "ئەو وتانەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا چەند ڕۆژێک پێش کۆبونەوەی ئاستانە هات، هیوادارین کە ئەمە تەنیا بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی دانوستان لەگەڵ تورکیا و ئێران و هاوکارەکانی ڕوسیا لە کۆبونەوەی ئاستانا نەبێت، هیوادارین لاڤرۆڤ پلانێکی کرداری راستەقینەی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پەیوەندی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق".
ئاماژەی بەوەشکردوە، خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پابەندبونی خۆی بە یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا دوپاتکردوەتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەشداری شەڕی دژی تیرۆر بوە، "پێشتریش لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ لە مۆسکۆ کۆبوینەوە جەختمان لەوە کردەوە کە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێویستییەکی هەنوکەییە و لاڤرۆڤ باسی لە ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری کرد و وتی پێویستە لەسەر ئاستی نیشتمانی، لە چوارچێوەی کۆدەنگی لە نێوان سوریەکاندا پەرەی پێ بدرێت و لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری دەوڵەتەکە و سیستەمە ئیداریە گشتیەکەی".
لەبارەی ئەوەی ئایا پێشمەرجیان هەیە وەک خۆبەڕێوەبەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد وتی، "پێشمەرجمان نییە، بەڵکو پرۆژەمان هەیە کە وەک خاڵی چونە ژورەوە بۆ چارەسەر دەیبینین و بەدوای قەناعەتپێکردنی لایەنەکانداین لەم پڕۆژەیەدا کە هەمو خەڵکی ناوچەکە لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی یە جۆراوجۆرەکاندا بەشدارن لە دروستکردنیدا و قوربانی گەورەیان بۆ داوە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی دانوستانەکانی پێشتر لەنێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سوریا ئەنجامییان نەبوە، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەکردوە، گفتوگۆکان هەر قسەبون نەگەیشتنە ئاستی دانوستان بەهۆی بێدەربەستی ڕژێم و سوربونی لەسەر ڕەتکردنەوەی دیالۆگ و داننەنان بەو ڕاستیی و دۆخە نوێیە هاتوەتە ئاراوە وەک دروستبونی خۆبەڕێوەبەری، کە خواستی بەشێکی زۆری خەڵکی سوریا کە پێویستیان بە هێزی نوێ هەیە کە نوێنەرایەتی ئاواتەکانی خۆیان دەکەن و مافەکانی لە سوریا دەپارێزن، بە باوەڕی ئێمە هەر دیالۆگ و دانوستانێک لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا دەبێت لەژێر چاودێری و گەرەنتی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت".
پەیوەست بەوەی ئایا خاڵی هاوبەش لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سوریادا هەیە، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات وتی، "ئەگەر ئێمە بگەینە خاڵی هاوبەش دەتوانین دیالۆگی بنیاتنەر ئەنجام بدەین، دیمەشق مەرجی هەبو بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ، بۆ نمونە پێویستی پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا، لەڕاستیدا ئەوەش یەکێکە لە دروشمەکانی ئێمەش، بەڵام حکومەتی دیمەشق بیرۆکە و بینین و پڕۆژەی بۆ پەیوەندی لەگەڵ خۆبەڕێوبەری نەبو، بۆیە هیچ پێشکەوتنێک لەسەر ئەم ئاستە نەبو".
