ئاماده‌کارییه‌کانى رۆژانى جه‌ژن راگه‌یه‌ندرا
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قائیمقامى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت؛ له رۆژانى جه‌ژندا کوشتارگه‌کان کراوه ده‌بن و تیمه‌کانى ته‌ندروستى چاودێرى و پشکنین بۆ ئاژه‌ڵه‌کان ده‌که‌ن.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 17ى ته‌موزى 2021، له دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى لیژنه‌ى ئه‌منى قه‌زاى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى و به‌شێک له فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌کانى سلێمانى کۆبونه‌وه بۆ ئاماده‌کارییه‌کانى رۆژانى جه‌ژنى قوربان و دواتر له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا قائیمقامى سلێمانى ئاماده‌کارییه‌کانى بۆ راگه‌یاندنه‌کان ئاشکراکرد.
ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند:" به‌رنامه‌و پلانى تایبه‌ت بۆ رۆژانى جه‌ژن و پێش جه‌ژن و دواى جه‌ژنیش دانراوه‌و له‌مڕۆوه ده‌چێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه هه‌روه‌ها لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت سه‌ردان و پشکنینه‌کانیان له دوکان و بازاڕ‌و شوێنه گشتییه‌کان چڕتر ده‌که‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد بۆ پاراستنى هاوڵاتیان، لیژنه‌ى ئه‌منى و فریاگوزارى و ته‌ندروستى هێزه ئه‌منییه‌کان له نزیک گۆڕستانه‌کانى سلێمانى و شوێنه گشتیه‌کان و سه‌یرانگاکان بڵاوده‌بنه‌وه‌و له‌رۆژانى جه‌ژن و دواى جه‌ژنیش، به‌و هیوایه‌ى روداوه‌کان که‌م بکرێته‌وه.
هاوکات ئه‌وه‌شى خسته‌روو که له‌هه‌موو شوێنه‌کانى ئاژه‌ڵفرۆشى تیمه‌کانى ته‌ندروستى ئاماده‌ده‌بن تا به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست قوربانیکردنه‌کان به‌ڕێوه‌بچێت، "هه‌موو لایه‌ک ئه‌بێت هاوکار بین بۆ جێبه‌جێکردنى سه‌رجه‌م رێکاره‌کان".
