نێچيرڤان بارزانى: پێویستە هەر تانە و تێبینییەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بە رێکارە یاساییەکان یەکلا بکرێنەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتي نەتەوە یەکگرتووەکان كۆبووه‌‌وه و باسیان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامەکانی کرد، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەر تانە و تێبینییەک لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بە رێکارە یاساییەکان یەکلا بکرێنەوە".

ئێواره‌ى رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14-10-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتي نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عێراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، تاوتوێ كراون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هيوا دەخوازن ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن دامه‌زراندنى حكومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هيوا و چاوه‌ڕوانييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عێراقييه‌كان دابين بكات، هه‌روه‌ها "هاوڕا بوون كه‌ پێويسته‌ هه‌ر تانه‌ و تێبينييه‌ک له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، به‌ رێكاره‌ ياساييه‌كان يه‌كلا بكرێنه‌وه‌".

نێچيرڤان بارزانى، سوپاسی پلاسخارت و نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عيراق - يونامى-ی كرد بۆ رۆڵى به‌رچاويان له‌ چاودێريكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و يارمه‌تيدان و پشتگيريكردنى عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار