ئەمریکا پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا ئاسایی ناكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" واشنتن پشتگیری لە هیچ هەوڵێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا ناکات، تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە دەدۆزرێتەوە". 

ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی یەکەمی 2021، بلینکن لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا  لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و ئیسرائیل رایگەیاند:" ئەوان پاڵپشتییان لە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریادا نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکەن و هیچ سزایەکیشی لەسەر هەڵناگرن و هەڵوێستیشیان ناگۆڕن.

وتەکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدان، ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هاوپەیمانی ئەمریکان هەوڵدەدەن پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ دیمەشق دروستبکەنەوە. 

لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، ئوردن کە هاوپەیمانێکی بەهێزی واشنتنە، دەروازەی جابری سنووریی خۆی لەگەڵ سووریادا بەتەواوی کردەوە. 

هەروەها رۆژی 3-10-2021 شا عەبدوڵڵا، پادشای ئوردن بۆ یەکەمجار دوای دەیەیەک، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا ئەنجامدا، دوای ئەوەی کە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات چەند رۆژێک پێشتر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببوونەوە. 

دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا، شا عەبدوڵڵا داوای لە بەشار ئەسەد کرد واز لە پۆستەکەی بهێنێت و ئوردنیش بووە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە رێگەیەوە یارمەتی بۆ گرووپەکانی دژی ئەسەد دەنێردرا.ئەمریکا لە ساڵی 2012ەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا هەڵپەساردووە. 

بلینکن ئاماژەی بەوەدا کە لەم نۆ مانگەی رابردووی دەسەڵاتی ئیدارەی بایدندا واشنتن سەرنجی لەسەر زیادکردنی ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ سووریا، بەردەوامیدان بە شەڕی دژی داعش و پێداگیرکردن لەسەر لێپرسینەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بووە. 

ئەمریکا سزای قەیسەری بەسەر حکومەتی سووریادا سەپاندووە کە ساڵی رابردوو بە ئامانجی زیادکردنی گوشار لەسەر بەشار ئەسەد، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار