عێراق و توركیا رێككەوتنێكی نۆێیان واژۆ كرد
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند:" ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژۆی لەسەر ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە کردوە کە لەنێوان عێراقو تورکیا لەسەر پرسی ئاو". دەڵێت:" یەکێک لەبڕگەکانی بریتییە لەوەی پشکێکی دادپەروەرانە لەئاوی هەردوو ڕوباری دیجلەو فورات بۆ عێراق بەربدرێتەوە".
ئەمڕۆ شەممە، مەهدی حەمەدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا واژۆی لەسەر ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە کردوە کە لەنێوان عێراقو تورکیا لەسەر پرسی ئاو لەنێوانیاندا واژۆکراوە، دوای واژۆکردنیشی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، ڕێککەوتنەکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە".
حەمەدانی ئاماژەی بەوەکردوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە ئاگاداریکردونەتەوە کە یەکێک لەبڕگەکانی بریتییە لەوەی پشکێکی دادپەروەرانە لەئاوی هەردوو ڕوباری دیجلەو فورات بۆ عێراق بەربدرێتەوە.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو پشکی ئاوی عێراقی لەهەردوو ڕوباری دیجلەو فورات کەمکردبۆوە، ئەوەش مەترسیی ئەوەی لێدەکرا کارەساتێکی ژینگەییو تەندروستیی گەورەی لەو وڵاتە لێبکەوێتەوە.
بەرپرسێکی عێراقی ئاماژەی بەوەکردوە، لەدۆسیەی ئاودا بەرەوپێشچونی باش لەپەیوەندییەکانی نێوان عێراقو تورکیادا دروستبوە، بەشێوەی ئەوەی حکومەتی کازمی لەماوەیەکی کەمدا لەو بوارەدا بەدەستیهێناوە، چەندین دەیەیە بەدەستنەهاتوە.
