ئومێد حۆشناو: خەڵك لە دڵەڕاوکێدا زیاتر غاز دەکڕن قەیران دروست دەبێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: " هۆکارەکەشی ئەوەیە کێڵگەی کۆرمۆر لە سیانەکردندایە و رێژەی غازی شل کە بۆ ماڵان دابیندەکرێت کەمبوەتەوە". دەشڵێت:" خەڵك لە دڵەڕاوکێندا زیاتر غاز دەکڕن قەیران دروست دەبێت".
ئومێد حۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرانبونی نرخی غازی ماڵان رایگەیاند: "ماوەیەک پێش ئێستاش گرفتی غاز هەبو، چارەسەر کرا، ئێستا ئەو کێشەیە تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر نیە بەڵکو لە هەرێمی کوردستان هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کێڵگەی کۆرمۆر لە سیانەکردندایە و رێژەی غازی شل کە بۆ ماڵان دابیندەکرێت کەمبوەتەوە، ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و خاوەن کارگەکان لە گفتوگۆداین و خەڵک لە دڵەڕاوکێندا و زیاتر غاز دەکڕن پێیان وایە قەیران دروست دەبێت".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی وادەی چارەسەری نرخی غاز وتی: "لە چەند رۆژی رابردو سەردانی کارگەکانمان کرد و لەگەڵیاندا دانیشتین و لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز و سامانە سروشتییەکان گفتوگۆمان کرد، رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئەو رێژەیەی کە بۆ هەولێر دابیندەکرێت زیادبکرێت، پێشتر 15 تانکەر رەوانەی هەولێر دەکرێت بەڵام ئێستا 20 تانکەری رەوانە دەکرێت و تاوەکو دو هەفتەی تر کە سیانەکردن تەواو دەبێت دۆخەکە دەگەڕێتەوە کاتی خۆی".
لەبارەی کێشەی بەنزین، ئومێد خۆشناو وتی، "بەپێی وتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، کێشەیەک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ رەوانەکردنی بەنزین لە بەغداوە دروستبوە، بەم نزیکانە شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەچێتە بەغدا ئێمەش وەکو پارێزگاکان پێی نیگەرانین و نامانەوێت نرخی بەنزین بەرزبێتەوە و بە بەردەوامی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەگفتوگۆداین و نامانەوێت بەرزببێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دڵنیایی دەدات کە قەیرانی غاز دروستنابێت و نرخەکەی بەرزنابێتەوە، تەنها ئەو دو هەفتەیەی کە سیانەکردن تەواوبو نرخەکەی دادەبەزێت، "بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە گرانبونی نرخی غاز ئیجرائات لەگەڵ بریکارێکی غاز کراوە، هەر ئۆتۆمبێلێکی فرۆشتنی غاو پۆلیسێکی لەگەڵدا دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببین کە نرخەکەی گران ناکەن".
