دەستەی دەستپاکی: نزیکەی 17ملیۆن و 700هەزار دۆلاری عێراق گەڕێندراوەتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی رایگەیاند: " نزیکەی 17 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار گەڕایەوە سەر حسابەكەمان".
موعتەز عەباس، بە ئاژانسی فەرمی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە،"کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات گەڕێنراوەتەوە نزیکەی 17 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بووە".
ئاماژەی بەوەشداوە،" فەرمانگەکەیان هەوڵیداوە کۆی دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە کە لەلایەن دادگاکانی وڵاتەوە فەرمانی گێرانەوەی بۆ دەرکراوە".
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بلۆککراوە و فەرمانی گێڕانەوەیان بۆ دەرکراوە بریتییە لە یەک ملیار و 417 ملیۆن و 900 هەزار و 842 دۆلار و 33 ملیۆن و 582 هەزار و 725 یۆرۆ و دوو ملیۆن و 329 هەزار و 521 جونەیهی ئیستەرلینی بەریتانی و 951 ملیار و 428 ملیۆن و 263 هەزار و 286 دیناری عێراقی و 720 هەزار و 529 دیناری ئەردەنی و سێ هەزار و 652 فرەنکی سویسری.
موعتەز عەباس، باسی لەوەشکردووە،" دەست بەسەر 14 موڵک و پێنج پشکی کۆمپانیای جۆراوجۆردا گیراوە".
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەربە دەستەی دەستپاکی، وتیشی" توانراوە بڕی چوار ملیۆن و 170 هەزار دۆلار لە چەند وڵاتێکی دیکە لە دەرەوەی عێراق بلۆک بکرێت و بەم نزیکانە دەگەڕێنرێنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، دەستەی دەستپاکی عێراق لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە رایگەیاند، کۆی ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە و بەشێکی گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر هەژماری بانکی گەنجینەی گشتی بریتی بووە لە 253 ملیار و 586 ملیۆن و 273 هەزار و 295 دیناری عێراقی و چوار ملیار و 920 ملیۆن و 96 هەزار و 137 دۆلار.
