بایدن: لە جیهاندا بەها دیموکراسییەکان لەژێر هێرشدان

"تاوان بژارەیە و لەلایەن کەس و سەرکردەکانەوە کاری بۆ دەکرێت"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بایدن رایگەیاند: "رێگە بەرەو سەرکوتکاری دەچێت دەبێت لەبیرمان نەچێت، بە لەناوبردنی راستییەکان دەستپێدەکات. ئێستا دەبینین لە جیهاندا مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراسییەکان لەژێر هەڕەشە و هێرشدان. ئێستا لە جیهاندا بەراورد بە 15 ساڵ لەمەوبەر وڵاتانی دیموکراسی کەمترن".

 ئەمڕۆ شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2021، لە وتارێكیدا لە ناوەندی مافەکانی مرۆڤی سەر بە زانکۆی کۆنێکتیکیتی ئەمریکی، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند:"رێگە بەرەو سەرکوتکاری، دەبێت لەبیرمان نەچێت، بە لەناوبردنی راستییەکان دەستپێدەکات. ئێستا دەبینین لە جیهاندا مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراسییەکان لەژێر هەڕەشە و هێرشدان. ئێستا لە جیهاندا بەراورد بە 15 ساڵ لەمەوبەر وڵاتانی دیموکراسی کەمترن. ئەمە قبووڵکراو نییە. بۆیە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونم هەنگاوی کۆنکرێتیم نا و مافەکانی مرۆڤم خستە چەقی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئیدارەکەم و جەختم لە سەرکردایەتی ئەمریکا لە جیهان لەم بوارەدا کردەوە."

بایدن ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد : تاوان دژی مرۆڤایەتی بەڕێکەوت روونادات، بەڵکو بژارەیە و لەلایەن کەس و سەرکردەکانەوە کاری بۆ دەکرێت و وتی:" کاتێك کە تەماشای ئەمڕۆی جیهان دەکەین، بەداخەوە ناتوانین بڵێین دڕندەیی نەماوە. سەرکوتکردنی ئیگۆرە موسڵمانەکان لە چین و مامەڵەی دڕندانەی ئەنجوومەنی سەربازی دژی کەمینەی رۆهینگا و هەروەها تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و برسیکردنی خەڵکی سیڤیل لە باکووری ئەسیوپیا، ئەوانە بەشێکن لەو کارانەی کە پاشەکشەیان بە دیموکراسییەت کردووە".

مافەکانی مرۆڤ و بەرگریکردنی لە دیموکراسییەت ئەو پەڕاوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە و تێکەڵ بە سیاسەتی دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی"کاتێك کە باس لە بارودۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتانە دەکەین، بەو واتایە نایێت کە دژیان بووەستین و شەڕیان لەگەڵ بکەین، بەڵکو بەرپرسیارییەتی سەر شانمانە لانیکەم لەئاستیاندا بێدەنگ نەبین".

رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچی ئەمریکی لە کۆی 197 وڵاتی جیهان، 20 وڵات بە خراپترین لە ئاست دیموکراسی و مافی مرۆڤ پۆلێنکردووە، لەسەرووی هەموویانەوە، میانمار، ئەریتیریا، لیبیا، کۆریای باکوور؛ هەروەها لە لیستەکەیدا وڵاتانی سووریا، تورکمانستان، کوبا و سعودیە و چەند وڵاتێكی دیکە دەبیندرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار