سودان؛ سەرۆکی حکومەت دەستبەسەرکرا و ژمارەیەک وەزیر دەستگیرکران
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە خەرتوم-ی پایتەختی سودان كودەتای سەربازی ئەنجامدراو، سەرۆکی حکومەت ی ئەو وڵاتەو ژمارەیەك وەزیری حكومەتەكەی دەستگیركران.
ئەمڕۆ دووشهممه 25ی تشرینی یهكهمی 2021، وەزارەتی راگەیاندنی سودان بڵاویكردووەتەوە، ژمارەیەك لەئەندامانی مەدەنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی راگوزەروچەند وەزیرێك لەوانە وەزیرانی راگەیاندن، پیشەسازی و كاروباری ئەنجوومەنی وەزیران، چەند كەسایەتییەكی سیاسی و حزبی دەستگیركراون.
لەنێو دەستگیرکراوەکان ژمارەیەک کەسایەتی دیاری حزبیش هەن، وەک عەلی ریح سەنهوری، سەرۆکی حزبی بەعسی ئیشتراکی سودان.
وەزارەتی راگەیاندنی سودانی پشتڕاستیکردەوە کە "زۆربەی بەرپرسانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی راگوزەری سوودانی کە لە بنەڕەتدا کەسانی سڤیلن، دەستگیرکراون."
هێزێکی زۆر لە خەرتومی پایتەختی سوودان بڵاوەی پێکراوە؛ رێگە و پردەکانی شارەکە داخراون، گەڕەک و ناوچەکان بە زەبری هێز لەیەک دابڕێندراون.
مانگێک لەمەوبەر سوودان لە هەوڵێکی کودەتا رزگاری بوو؛ کێشەکانی نێوانیان لایەن ئەنجومەنی سەربازی و ئەنجومەنی سڤیلیش چارەسەرنەکران کە بڕیاروابوو دوای لەکارلادانی عومەر بەشیر، پێکەوە کاروباری وڵات بەڕێوەببەن.
عومەر بەشیر دوای چەندین مانگ لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە 2019 لە دەسەڵات دوورخرایەوە و لایەنەکان لەسەر حکومەتێکی سیاسی راگوزەر رێککەوتن تاوەکو لە کۆتایی 2023 هەڵبژاردن ئەنجامبدەن.
