یەکێتی ئەوروپا: هەڕەشەکردن لە کارمەندانی کۆمیسیۆن نادیموکراسییە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگهیاند:" لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی هەڕەشەکردن لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەین". دەڵێت:" ئەو رەفتارە لە دیموکراسیەتدا جێگەی نابێتەوە.
ئەمڕۆ دووشهممه 25ی تشرینی یهكهمی 2021، وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی هەڕەشەکردن لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن.
یەکێتی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بەشێوەیەکی رێکوپێک و لە کەشوهەوایەکی هێمن بەڕێوەچوون؛ دەنگدەران توانیان بە ئازادی دەنگی خۆیان بدەن.
هاوپەیمانییە 27 وڵاتییەکە دەڵێت، هەر تانەیەک لە هەڵبژاردن هەبێت، پێویستە بە رێکاری یاسایی یەکلا بکرێتەوە. یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیی پیشانداوە کار لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراق بکات لە جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەی خەڵکی عێراق داوای دەکەن.
رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش، رەوتی سەدر گەورەترین براوەی هەڵبژاردنە و 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بردوەتەوە؛ هەرچی هاوپەیمانیی فەتحە کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردووەتەوە.
بەشی زۆری هێز و لایەنە سیاسییە شیعەکان، بەتایبەتی هاوپەیمانیی فەتح ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن دەنگەکان بەدەست هەژماربکرێنەوە.
