وەزیری دارایی: دواكەوتنی موچەی هەندێك وەزارەت پەیوەندی بە داهاتی شارەكانەوە هەیە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" درەنگ دابەشکردنی موچەی بەشێکە لە وەزارەت و فەرمانگەکان پەیوەندی بە  داهاتی پارێزگاكانەوە هەیە، داهاتی بەشێک لە سلێمانی و هەڵەبجە ناگەڕێنرێتەوە بۆیە هەندێك لە فەرمانگەكان موچەكانیان درەنگتر وەردەگرن".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی باجەكان و خانووبەرەی میری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی باسی لە كێشەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە "وەكو پێویست ناتوانن داهاتی باج كۆبكەنەوە ئەمەش بووەتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) ئەمەش وایكردووە هەندێك لە فەرمانگەكان مووچەكانیان درەنگتر وەربگرن."

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە کە "هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی لە باجدان بدزێتەوە، لە هەمانكاتدا دەبێت فەرمانبەر بزانێت ئەركی خۆی لە خزمەتكردنی وڵات و نەتەوەكەی چییە."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دكتۆر كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری باسی لە جیاوازی كۆكردنەوەی باج و داهات لە نێوان پارێزگاكان كرد و ئاماژەشی بەوە كرد "دەبێت هەموو فەرمانبەرێك پابەندی رێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتەكەی بێت."

هەر لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە میكانیزمێكی نوێ و هەڵگرتنی گیرگرفتەكان باس لە كۆكردنەوەی باج و داهات كرا "تاوەكو چیتر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كێشەی سیولە نەمێنێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار