باڵیۆزی روسیا : بە داهاتووی کورد لە سوریا زۆر گەشبین نین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزی روسیا لە عێراق رایگەیاند:" بە داهاتووی کورد لە سووریا زۆر گەشبین نین تاوەکو ئێستا ناتوانێت بڵێت چ داهاتوویەکیان دەبێت، "هیچ کەس نازانێت، ئەوە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کە چی بەسەر بارودۆخی سوریادا دێت و کوردەکان چی دەکەن. پێگەی ئەوان، ئەگەر باسی کوردەکانی سووریا بکەم، ئێستا زۆر ئاڵۆزە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2021 ئالبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ووسیا لە عێراق، بەشداریی لە پانێلێکی دووەمین رۆژی دیداری مێری کرد کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچیت و تێیدا لەبارەی پەیوەندیی وڵاتەکەی و تورکیا لەبارەی سووریا و پرسی کورد قسەی کرد روونیکردەوە:" تاوەکو ئێستا ناتوانێت بڵێت چ داهاتوویەکیان دەبێت، "هیچ کەس نازانێت، ئەوە لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە کە چی بەسەر بارودۆخی سوریادا دێت و کوردەکان چی دەکەن. پێگەی ئەوان، ئەگەر باسی کوردەکانی سووریا بکەم، ئێستا زۆر ئاڵۆزە. من ئەوە دەڵێم کە بە داهاتوویان زۆر گەشبین نیم. ئەوان بوونەتە بارمتەی ئەوەی کردوویانە یان ئەوەی بەرامبەریان کراوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمەش زۆر جیددییە. بەڵام لە کۆتاییدا هیوادارم لایەنە سوورییەکان، کوردەکان و حکومەتی سووریا بتوانن بگەنە رێککەوتنێک، چونکە ئێمە بۆ ئەوانمان روونکردووەتەوە کە بژاردەی دیکە باش نابێت بۆیان و لانیکەم ئەوان گوێیان بۆ گرتین. بۆیە با هیوا بۆ باشترین بخوازین. کێشەی سووریا و کوردستان ئاڵۆزە، چونکە پێگەیان جیاوازە لەوەی کورد لە عێراق هەیانە. ناتوانین بەراوردیان بکەین".
باڵیۆزی رووسیا روونیکردەوە کە تورکیا دەیەوێت "رژێمی ئەسەد جێگەی بگیرێتەوە یان لەسەر دەسەڵاتی لابدەن، بەڵام من لەگەڵ ئەوە هاوڕام کە دەستەواژەی 'رژێمی بەشار ئەسەد' بەکاربهێندرێت، دەستەواژەیەکی نەرێنییە، چونکە حکومەتی ئێستای سووریا و سەرۆکی سووریا، سەرۆک و حکومەتی شەرعین. هاوکات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بۆیە ئەگەر پێیان بڵێین رژێم، شتێکی باش نییە، نە لەڕووی سیاسییەوە نە لەڕووی تێڕوانینی دیکەوە. کەواتە، بۆ سووریا بۆ ئێمە هاوپەیمانێکی ستراتیژییە؟ لە سەرەتادا وا نەبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئاستی بەشداریی رووسیا لە چارەسەرکردنی پرسی سووریادا زیادیکرد و لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە سووریا بووەتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیمان. کەواتە، ئێمە لەسەر حیسابی هاوپەیمانەکانمان رێککەوتن لەگەڵ کەس ناکەین".
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق وتیشی، "لەبارەی تورکیاوە؛ تورکیا، ئێران و رووسیا ئەندامی سەرەکیی رێککەوتنی ئەستانەن. رێککەوتنی ئەستانە بۆ ئەوە دروستبوو تاوەکو لایەنە سوورییەکان یەکبخاتەوە - لایەنە ناکۆکەکانی سووریا، چونکە بەداخەوە لەو کاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی ئەوە بکات، بۆیە هەرسێ وڵاتەکە لە رووداوەکانی سووریا تێوەگلان و بەیەکەوە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا پێکهاتەکانی سووریا یەکبخەنەوە کە شەڕیان لە دژی یەکدی دەکرد. بەم شێوەیە دەستیپێکرد. دواتر لە رۆڵی نیوەندگیرییەوە پەرەیسەند بۆ رۆڵی ئەوانەی کە بیر لە داهاتووی سووریا دەکەنەوە و هەوڵدەدەن رێکی بخەنەوە. زۆربەی رێکخستنەوەکانی بۆ ئەوە بوو کە رێگە لە شەڕ و پێکدادانەکان بگرن لەنێوان لایەنە سوورییەکان و ئەو لایەنانەی لە پرسەکەوە تێوەگلابوون. لەم رووەوە، بەڵێ، ئێمە ئاستێکی باشی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ تورکەکان هەبووە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەستانەدا. لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، سەربازی و هەواڵگرییەوە هاوئاهەنگیمان زۆر باشە، بەڵام ئەوە رێککەوتن نییە".
هەروەها زیاتر روونکردەوە کە ئەوەی رووسیا بە شێوەیەکی پراگماتیک دەیەوێت بیکات، بۆ ئەوەیە رێگە لە شەڕ بگرن لەسەر خاکی سووریا و گوتیشی، "لە هەمان کاتدا ئێمە شەرعییەت نادەینە ئەوەی تورکیا لە سووریادا ئەنجامی دەدات لەڕووی داگیرکردنی ناوچەکانی و پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، ئێمە بە بەرزی نانرخێنین؛ بەڵام سوپاس بۆ خوا، بە شێوەیەکی پراگماتیکی، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک کە هاوڕانین، بەڵام تۆمەت نابەخشینەوە. بۆیە دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کەس وا بیربکەنەوە ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە. نەخێر ئەمە رێککەوتن نییە".
ئالبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق باسی لە هەسەدە و پرسی کورد لە سووریا کرد، ئەو وتی "ئێمە هەر لە سەرەتای پرۆسەی سیاسیی سووریادا یاخود کاتێک بیرۆکەی پرۆسەی سیاسیی سووریا خرایە سەر مێز، کاتێک هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان لە بیرۆکەی گۆڕینی رژێمی سووریاوە هاتنە سەر ئەوەی سەقامگیری لە دیمەشق بەدیبێنن، ئێمە لە دژی وەلانانی هەر پێکهاتەیەک بووین. ئێمە باوەڕمان وایە کە هەموو لایەنە سوورییەکان پێویستە لە پرۆسەکەدا بەشداربن، بەڵام هەندێک شت هەن ناتوانیت هیچ لەبارەیانەوە بکەیت. تورکیا ڤیتۆی لەسەر بەشداریکردنی هەسەدە لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە. ڤیتۆش مانای ئەوە نییە کە تورکیا هەڵبستێت و شوێنەکە جێبهێڵێت. ئەگەر تورکیا شوێنەکە جێبهێڵێت، ژمارەیەکی گەورەی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵی دەڕۆنە دەرەوە و ئەمە کێشەکەیە".
باڵیۆزی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ ئێمە! ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەسەدە هەیە لەسەر ئاستی جیاوازدا. ئەفسەرانی سەربازیمان لە سووریا پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ هەسەدە هەیە و ئێمە پەیوەندییەکی سیاسیمان لەگەڵیاندا هەیە. جاروبار لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتیی هەسەدە لە مۆسکۆ کۆدەبینەوە. رووسیا وڵاتێکی فیدراڵییە و هیچ کێشەمان لەگەڵ وڵاتی دیکەدا نییە کە ببنە خاوەنی فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمییان هەبێت".
ئالبروس کوتراشێڤ باسی لەوە کرد، "ئێمە ئێستا هاوکاریی پرۆسەی دانوستاندن لەنێوان هەسەدە - رۆژئاڤا و حکومەتی سووریادا دەکەین. ئەمە شتێکی ئاسان نییە. پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە. باڵیۆزەکەمان بۆ دیمەشق ئەرکی ئەوەی پێدراوە بۆئەوەی رۆڵی نێوەندگیر ببینێت و بە شێوەیەکی فەرمی ئەو ئەم کارە دەکات. یان دەکرێت بە شێوەیەکی نافەرمی بێت، بەڵام من لێرەوە رامگەیاند. مەبەستم ئەوەیە کە هەردووکی، هەسەدە و دیمەشق دەزانن کە ئەو نێوەندگیری دەکات. هەروەکو گوتم، شتێکی ئاسان نییە چونکە هەردوولا زۆر کەللـە رەقن و دانوستاندنکارێکی ئاسان نین. بەڵام ئێمە توانیومانە رازییان بکەین و ئەوانیش لەوە تێدەگەن کە پێویستە رێکبکەون، چونکە هەر بژاردەیەکی دیکە بۆ هەردووکیان باش نابێت. بەڵام هێشتا پێموایە پرۆسەکە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەوان متمانەیان بە یەکدی نییە. بۆچی متمانەیان بە یەکدی نییە؟ ئەگەر بێتو باس لەوە بکەم پێویستە یەک هەفتە گوێم بۆ بگرن بۆئەوەی باسی بکەم، بەڵام بڕوام پێبکەن ئەوان متمانەیان بە یەکدی نییە. ئێمەش باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆئەوەی پرۆسەکە ئەنجامی هەبێت".
ئالبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لەبارەی رۆژئاوای کوردستان لە پانێلەکەدا زیاتر قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو، "تەنانەت لەڕووی بوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی، بیرۆکەکە زۆر باشە و هەیە و شتێکی زۆر ئاساییە بۆیان؛ کەمینەیەک یان گرووپێکی نەتەوەیی کە ئۆتۆنۆمی یان هەرێمێکیان لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیکەدا هەبێت، هەروەکو هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ نموونە؛ بەڵام ئەمە بۆ سوورییەکان زۆر ئاسان نییە. کوردەکانی سووریا قەوارەیەکی هەرێمیی تێکەڵاو [یەکگرتوویان] نییە. لە باکوور، ئەوان چۆن بڵێم.. ئەم شوێنە لێرەیە و ئەو شوێنە لەوێیە و ئەم شوێنانە بەیەکەوە بەستراو نین و بە ناوچەکانی دیکە دەورەدراون کە گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە تێیدا دەژین کە رەنگە پێیان خۆش بێت لەنێو قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمیی کوردیدا بژین یانیش نا.. کێ دەزانێت.. تاکە ناوچە کە بینیبێتمان کە کورد بە راستی زۆرینە و پێگەیەکی مێژوویی بەهێزیان هەبێت، عەفرین بوو، بەڵام ئێستا ناخۆشە کە قسە لەبارەی ئەوەوە بکەیت کە لە داهاتوودا چی بەسەر عەفریندا دێت، ئەمە تراژیدیایە. ئەمە وادەکات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر ببێت و ئێمە ئێستا رووبەڕووی بارودۆخێک دەبینەوە".
باڵیۆزی رووسیا لە عیراق دەڵێت، "ئێستا هەسەدە - رۆژئاڤا چەند ناوچەیەکی بەدەستەوەیە کە زۆرینەی عەرەبن و کوردیش کەمینەی کەمینەن، واتە لە کەمینەش کەمترن. ئەوان کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان بەدەستەوەیە. ئەمە بە شێوەیەکی کاتی بۆ ئەوان باشە، بەڵام بۆ داهاتوو، چ دوور یان نزیک، ئەوان پێویست دەکات قەوارەیەک پێکبهێنن، کەواتە ئایا ئەمە دەبێتە دیکتاتۆریەتی رۆژئاڤا لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە، یانیش جۆرێک لە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. ئەگەر بێتو هەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن، کێ دەنگی پێدەدرێت و کێ دەسەڵات دەگرێتەدەست؟ ئایا هەسەدە لای ئاسایی دەبێت دەسەڵات رادەستی هەندێک کەسی دیکە بکات؟ ئەمە پرسیارێکی کراوەی گەورە و زۆر ترسناکیشە. من هەمیشە ئەمەم گوتووە کە شتێکی زۆر ئاڵۆزە. لە رووسیا تووڕە مەبن، ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین، بەڵام کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەندێک جار شێتت دەکەن، چونکە زۆر ئاڵۆزن، ئێمە وامان بیردەکردەوە کە ژیانی ئێمەی رووسی ئاڵۆزە، بەڵام نا، کاتێک لەمە تێدەگەین زۆر سادە و ئاسانە"
