بافڵ تاڵەبانی: لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەکو کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ریشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری تووندڕەوی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاوڵاتیبوون خزمەت بکات".
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لەمیانی پێشوازیکردنی لە مارتن یێگەر، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و کلێمێنس زێمنتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان باسیان لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عێراق کردووە و رایگەیاند، "لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەکو کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ریشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری تووندڕەوی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاووڵاتیبوون خزمەت بکات و دوور لە ئەجێندای سیاسی بەرنامەکانی جێبەجێ بکات".
لەسەر کێشەکانی کەرکوک، ناوچە دابڕێندراوەکان و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێک ناوچەی عێراق، بەتایبەت ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بافڵ تاڵەبانی ھێزە ئەمنییەکانی بە "فاکتەری ئاسایش و ئارامی لە سنوورەکە" لە قەڵەمدا و گوتیشی، "لای یەکێتی کەرکووک قودسی کوردستانە و لە ئەولەویەتی خەباتی حیزبی و سیاسیمانە کە خزمەتی زیاتری شارەکە بەبێ جیاوازی بکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی گۆڕانکاریی لە ئەرکە حیزبییەکانی لە کەرکووک کردووە و "لە داهاتووشدا زیاتر لەگەڵ کەرکووکییەکان دەبین و خزمەتی زیاتریان دەکەین".
هاوسەرۆکەکەی یەکێتی جەختی لەوە کردووەتەوە، "سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی رێکخراوەیی و سەرکردایەتیکردن کۆتاییھات، و دەبێت یەکێتییەکەمان یەکێتییەکی پتەو، خاوەن ئۆرگانی کاریگەر، کارا، خزمەتگوزار و چالاکتر ئەرکە بنچینەییەکان رایی بکات".
