ئێران؛ لەبارەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر هۆشداری دەداتە كورد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە هۆشداری دەداتە كوردو سوننەكان كە نەچنە پاڵ موقتەدا سەدر دژی بەرەیەكی دیكەی شیعەكان.

دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە تێیدا موقتەدا سەدر 73 كورسی بردووەتەوەو لایەنەكانی دیكەی شیعە كە لەچەند حزب و لایەنی دیكەی سیاسی پێكدێن و بەنزیك لەئێران هەژمار دەكرێن كە مالكی 35 كورسی و هادی عامری 16 كورسی و كوتلەكانی دیكە چەند كورسییەكیان بەدەستهێناوە، ئێران لەهەوڵدایە بەسەركردایەتی نوری مالكی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ پێكبهێنێت لەبەرانبەر سەدر دا.

بەرپرسێكی پارتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاگادار لەدۆخی ناوخۆی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»شیعەی پرۆ ئێرانی ترسی سەدریان لێ نیشتووە كە سەدر تموحی ئەوە نییە بەتەنها كوتلەی گەورەی هەبێت لەپەرلەماندا كە 73 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵكو دەزانن تموحی سەدر ئەوەیە كە ببێتە خامنەئی لەعێراقدا».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا پرۆ ئێرانییەكان چوار پێنج كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە كە دوانیان لەماڵی نوری مالكی بووەو لە یەكێك لەو كۆبوونەوانەشدا محەمەد رەزا كوڕی سیستانی بەشداری كردووە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێك و دەیانەوێت كوتلەی گەورە پێكبهێنن.

هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كە لەناو ماڵی شیعە پرۆ ئێرانییەكان كوتلەی گەورە دروست دەكەن، وتیشی:» ئێران هۆشداری داوەتە كوردو سوننەكان كە نەچن لەگەڵ لایەنێكی شیعە لەسەر حسابی ئەوی دیكە هاوپەیمانێتی بكەن بەتایبەت لەگەڵ سەدر حكومەت پێكبهێنن و كەئێرانییەكان وتوویانە ئێمە پێمانخۆش نییە و با لەناو ماڵی شیعە یەكلاببێتەوە».

«ئەگەر ئێران نەتوانێت كوتلەی گەورە پێكبهێنێت پەنا دەباتە بەر ئەو هێزە كوردییانەی كە نزیكن لێی بۆ نموونە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهێزترین حزبی سیاسین، هەروەها جەماعەتی خەمیس خەنجەر بۆ ئەوەی بەرانبەر بە سەدر كوتلەكەیان گەورەتر ببێت»، بەرپرسەكەی پارتی وا دەڵێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار