وەزیری کارەبا: 615 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 615 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین". دەڵێت:" ئەو پرۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رەوشی کارەبا لە سەنتەری هەولێری پایتەخت دەبێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا وێستگەیەكی 132 كەی ڤی لە باداوەی شاری هەولێر کردەوە، کە بە گوژمەی 14 ملیۆن و 710 هەزار دۆلار لەلایەن کۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێکراوە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا ئەندازیار کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو پرۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رەوشی کارەبا لە سەنتەری هەولێری پایتەخت دەبێت".
بە وتەی کەمال محەممەد، ئەوان کارنامەی حکومەتیان کردووەتە پلان بۆ کارەکانی وەزارەتەکەیان، کە کارکردن بووە لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و وتی: "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 615 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین، هەروەها لە بواری گواستنەوەدا 32 پرۆژە لە سەرانسەری هەرێم بە گوژمەی 214 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن، دەتوانم بڵێم 80٪ی ئەو پرۆژانە جێبەجێکراون و کەوتوونە خزمەتی خەڵک. ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆش لە شاری هەولێر کرایەوە 14یەمین وێستگەیە تەنیا لە پارێزگای هەولێر کەوتووەتە خزمەتی خەڵک".
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات "زیاتر لە 750 پرۆژە لە بواری دابەشکردنی کارەبا بە گوژمەی 100 ملیار دینار لە سەرانسەری هەرێم جێبەجێکراون، ئەمەش دەبێتە رێگەخۆشکەرێکی دیکە بۆ ئەوەی بتوانین کارەبایەکی باشتر بۆ هاووڵاتیانی خۆمان دابەش بکەین".
سەبارەت بە پرۆژەی پێوەری زیرەکیش، کەمال محەممەد وتی: "تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و هەشت هەزار پێوەر بەستراون، ئەمەش بووەتە ئەگەرێکی دیکە کە رەوشی کارەبا گەشەی پێبدرێت و بەرەو باشتر بچێت".
بە وتەی کەمال محەممەد لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویانە: "زیاتر کە 22 هەزار حاڵەتی سەرپێچی لەسەر تۆڕی کارەبای هەرێم لابدەین، کە ئەمەش بووەتە هۆکارێکی دیکە تاوەکو بتوانین رەوشی کارەبا بەرەو باشتر ببەین".
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات "بەهۆی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا توانیومانە 3 کاژێر کارەبا زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین".
