ئێران: هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر بەنزینخانەکان کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

سەرۆکی دامەزراوەی بەرگریی ئەلکترۆنیی ئێران ڕایگەیاند:" ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینخانەکان، هاوشێوەی هێرشێکە کە کرایە سەر ڕێگەی ئاسن و بەندەری شەهید ڕەجایی و بەڕای ئێمە ئەم هێرشە کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە بووە".

غوڵامڕەزا جەلالی، سەرۆکی دامەزراوەی بەرگریی ئەلکترۆنی ئێران ڕایگەیاند:"لە وتووێژێک تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون و ئەو بەڵگانەی بەدەست هاتوون، ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینخانەکانی ئێران لەلایەن دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە جێبەجێ کراوە، ئێمە ئێستا بە وردی سەرقاڵی بەدواداچوونی ئەم پرسەین و لە هۆکارەکانی دەکۆڵینەوە و پاشان بە وردی ڕایدەگەیەنین".

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو هێرشە کە زۆر ئاڵۆز بووە، کراوەتە سەر بەشێکی سیستەمی دابەشکردنی بەنزین کە چاککردنەوەی ئاڵۆزە و هاوشێوەی هێرشەکەی بەندەری شەهید ڕەجایی بووە و بێگومان کاری ئەمریکا و ئیسرائیلە".

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو بەهۆی هێرشێکی ئەلکترۆنی بۆ سەر سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی ئێران، سەرەنجام چوار هەزار و 300 بەنزینخانە لە سەرتاسەری ئێران لەکار کەوتن و هاوکات تابلۆ و بەنێرە ئەلکترۆنییەکانی سەرشەقامەکانیش لەکار کەوتن و لەکارکەوتنی بەنزینخانەکانی ئێران بووەتە هۆی گرفتی زۆر لە ئێران و هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی ئەتۆمی و ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی و سەربازی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران و هەموو کات ئەمریکا و ئیسرائیلی بەو هێرشانە تۆمەتبار کردووە.

ساڵی 2018 بەهۆی گرانی بەنزین، لە سەرتاسەری ئێران خۆپیشاندانێکی بەربەڵاو دەستی پێکرد و خۆپیشاندانەکەش گرژی و ئاڵۆزیی زۆری لێ کەوتەوە و بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەو خۆپیشاندانەدا هەزار و 500 کەس لە ئێران کوژران کە 50 کەسیان کورد بوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار