وەزیری خوێندنی باڵا: كێشەی خوێندكاران چارەسەر دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند:" راستەوخۆ دەستوەردان لە پلانی وەرگرتن دەکات و زیادی دەکات". داوا لە قوتابیانیش دەکات بچنەوە ماڵەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2021، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تیمی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندکارانی دەرچووی 12 ئامادەیی لە زانکۆلاین کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە د. ئارام محەممەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پلانی وەرگرتن بەپێی یاسا پلان بەشی زانستی دایدەڕێژێت و دەیداتە ئەنجوومەنی کۆلێژ، ئەنجوومەنی کۆلێژ بەرزی دەکاتەوە بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ، ئەنجوومەنی زانکۆش دەینێرێت بۆ ناوەندەی وەرگرتن، بۆیە پلانی وەرگرتن دەسەڵاتی منی تێدا نییە وەکو وەزیر زیادی بکەم یان کەمی بکەم. بەڵکو زانکۆکان پلانیان ناردووە و ئێستاش گوێم لێدەبێت دەیانەویت من تۆمەتبار بکەن."

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی وت کە "من بەرپرسیارم لەو کارەی دەیکەم، بە کارێکی دادپەروەرانەی دەزانم، راستەوخۆ دەستوەردان دەکەم و پلانی وەرگرتن زیاد دەکەم، پرۆسەکەش دەخەمە سەر راستەرێگەی خۆی، هەموو خوێندکارانی کوردستانیش دڵنیا دەکەمەوە کەسیان لەسەر جادە نامێننەوە، هەموو ئەوانەی نمرە هاوشێوەکانیان لەکوێ وەرگیراوە و ئەو وەرنەگیراوە لە رێگەی پرۆسەی زانکۆلاین بەوپەڕی دادپەروەری و شەفافیەت و راستگۆییەوە جێبەجێی دەکەین."

لەدوای گەڕانەوەی ناوی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، بەشێک لە قوتابیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن. بەشێکیان نمرەی 99یان بەدەستهێنابوو و لە بەشی پزیشکیی گشتی وەرنەگیرابوون، بەشێکی دیکەیشیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە سەرەڕای ئەوەی نمرەکانیان لە سەروو 95ـەوەیە، بەڵام ئەو بەشەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە کە خۆیان دایاننابوو.

وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بڕۆنەوە ماڵەکانی خۆتان، تاوەکو ئێمە لێرە بین ناهێڵین هیچ کەسێک و هیچ سیستەمێک ستەمیان لێ بکات، هەڵە و کەموکورتیش رووبدات، کۆتایی دونیا نییە و دێینەوە سەر رێگە راستەکە و بۆیان چاک دەکەینەوە، دڵنیاشیان دەکەمەوە هیچ گرفت و کێشەیەک نامێنێت، هەر کێشە و گرفتێکیشیان هەبێت من لە سەنگەری داکۆکیکردنیان بووم و دەمێنمەوە، هەرچیشیان ویست با بێنە لای من لە ماڵەوە و لە وەزارەت لە خزمەتیان دەبم."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار