دوان لە زیندانیانی بادینان ئازادكران و دوانی دیكە حوكمدران
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند:"دوو لە زیندانیان ئازادکران و دووانی دیکەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی کران".
بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دادگە پشتی بە نامەیەکی مەسعود شنگالی بەستووە کە بۆ باڵیۆزی ئەمریکای نووسیوە و دەڵێ داوا دەکەین کە پشتگیری کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی NGO بکە، بەڵام نازانم ئەوە چ سەرپێچییەکی تێدایە کە دادگە لەم دانیشتنە پشتی پێبەستووە."
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان دەشڵێت "سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ مەسعود شنگالی ئێمەی تووشی شۆک کرد، هەروەها دوو ساڵ و شەش مانگ بۆ شێروان تەها کە هەموو ژیانی خۆی لەنێو رێکخراوەکان بەسەربردووە و پەیوەندی بە حیزبەکان نەبووە ئەوەش نایاساییە کە حوکمدراوە."
بەوتەی بەشدار حەسەن، کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێک و دوو مانگ حوکم بوون، بەڵام لەبەرئەوەی کە ماوەکەیان تەواوکردووە ئەمڕۆ ئازاددەکرێن.
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ تیمی پارێزەران ماوەی 30 رۆژ تانە لەو بەڵگانە دەدەین و دڵنیاین کە برادەرانی دادگەی تەمیز بڕوایان بەو بەڵگانە نایەت کە پێشکێش کراون."
مەسعود شنگالی یەکێک لەو گیراوانەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ حوکمدراوە، باوکی مەسعود شنگالی دەڵێت "حوکمدانی کوڕەکەم زووڵمە و تێکەڵی بابەتێکی سیاسیی کراوە. دەڵێن کوڕەکەم نامەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا نووسیوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە کە مەسعود داوا لە خەڵک بکات خۆپێشاندان بکات و هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئەوە کفرە، بەس بزانم ئەو حوکمدانە چییە، وەڵام نایاساییە."
ئەو راگیراوانە، زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگرتنیاندا تێدەپەڕببوو، ئەوان بەپێی قسەی پارێزەرەکەیان لە مانگەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ساڵی 2020وە دەستگیرکراون.
ئەو یاسایەی ئەو راگیراوانەی پێ دادگایی دەکرێت یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستانە. بەپێی ئەو یاسایە "هەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک بێت لە کارێکدا تێوەگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان / عێراق و ببێتەهۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت".
