ڕوسیا سیستمی بەرگری " S-550" بەرهەمدەهێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە لەئێستادا کار لەسەر بەرهەمهێنانی سیستەمێکی نوێی بەرگری ئاسمانیی دەکەن کە ناوی " S-550" دەبێت.

لەبەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە کە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی رووسیا لەمیانی کۆبوونەوەکانی رۆژانی 1 بۆ  3  ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ کە لە شاری سوچی ئەنجامدران، بەتایبەت جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی و مووشەکیی کردۆتەوە.

هەروەک ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی رووسیا جەختی لەوەکردۆتەوە کە دەبێت سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وەک S-350 و  S-500 و  S-550 رادەستی سوپای رووسیا بکرێن.

رووسیا بەیەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لەبواری پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی بەگشتیی و سیستەمی مووشەکیی بەتایبەت هەژماردەکرێت، لەناویاندا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400  کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان خواستی کڕینی لەسەرە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بەسەرچاوەی مەترسیی بۆسەر فڕۆکە جەنگییە شەبەحییەکانی خۆی دەزانێت.

روسیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400  بە چەند وڵاتێک فرۆشتووە، لەوانە تورکیا و هیندستان و چین، بەڵام فرۆشتنی سیستەمەکە بە تورکیا قەیرانێکی قوڵی دیبلۆماسیی لەنێوان واشنتۆن و ئەنکەرەدا درووستکردووە و بەهۆیەوە تورکیا لەبەرنامەی درووستکردنی فڕۆکەی شەبەحی جۆری F-35 کراوەتە دەرەوە.

پسپۆڕە سەربازییەکانی رووسیا دەڵێن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-500کە لەمدواییە رادەستی سوپای رووسیا کرا زۆر لە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی پێش خۆی پێشکەوتوترە و سەرچاوەی ترسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار