هەڤاڵ ئەبوبەکر :سلێمانی لە بنەڕەتەوە بۆ پایتەخت بنیاتنراوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" لە ئەمڕۆدا سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە، گێڕانەوەی متمانە، یەکترقبوڵکردنی لۆژیکیی، پەرەپێدانی ئابوریی سەوز، تێپەڕاندنی نائومێدییەکان، دادپەروەریی، خۆناسینەوەو پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ تێپەڕبوونی 237 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەمڕۆدا سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە، گێڕانەوەی متمانە، یەکترقبوڵکردنی لۆژیکیی، پەرەپێدانی ئابوریی سەوز، تێپەڕاندنی نائومێدییەکان، دادپەروەریی، خۆناسینەوەو پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی ڕۆژی سلێمانیتان لێدەکەین، ڕۆژی ئەم دەڤەرەی قوڵایی مێژویی و شارستانێتیی بۆ زیاتر لە شەست و پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوەو بە هەوڵی مەردانەی بابانییەکان و هاوکارەکانیان و گوندە نازدارەکانی ئەو سات و سەردەمەی سلێمانی؛ ئیبراهیم پاشای بابان دەستی بەبنیاتنانی سلێمانی کردو پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستەوە."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم شارە وەک شارێکی هاوچەرخ لەسەر بنەماکانی پیشەسازیی و بازرگانیی و ڕۆشنبیریی بنیاتناو، بە منەوەرەکانی وەک نالی و سالم و کوردیی زمانی بەم کوردییە شیرینەی پژا، دواتر بنەما شارستانییە نوێکانی وەک پەروەردەو فێرکردن و هونەرەجوانەکان و ئامادەیی و بەشداریی ژنانی بۆ زیادکرا. لەو ڕۆژەوە سلێمانی وەک دڵێک لێدەدات زیندوێتیی و بەهرەو داهێنان و هێزو ورە لە جیاوازییەکانی خۆی و لە دەرفەتی ئازادییەکان و لە خۆنوێکردنەوەو کرانەوە و چاولەئایندەبوون وەردەگرێت و باڵای کوردستان بەرزتر دەکات."

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پێداویستییەکانی شارەکەش نوسیویەتی، "ئەم شارە؛ لە ئەمڕۆدا پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینەو گێڕانەوەی متمانەو یەکترقبوڵکردنی لۆژیکیی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوزو تێپەڕاندنی نائومێدییەکان و ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی چارەنوس و ئایندەو خزمەتکردن و بوژانەوەو گەشەپێدانی زۆرتر و دادپەروەریی و پاراستنی ئازادییەکان و خۆخوێندنەوەو  خۆدۆزینەوەو خۆناسینەوەو پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە."

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێستا سلێمانی؛ کەلە بنەڕەتەوە بۆ پایتەخت بنیاتنراوە؛ پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبیی لەسەر ئاستی جیهان و ئەندامی پەیمانی نێودەوڵەتیی ئەوروپایە بۆ وزە نوێکان و ژینگەو هاوتای فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیاو دەیان شاری  پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهانەو ئەندامی کارای کۆنگرەی نێودەوڵەتیی تەندروستیی چارەسەرسازییەو لەسەر نەخشەی قوربانیدان و کرانەوەو کشتوکاڵ و شوێنەوارو گەشتوگوزارو پیشەسازیی و بازرگانیی و ژینگەو کولتوری جیهاندایە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار