ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەزڵوم كۆبانێ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوكرایەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەفدێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبوویەوە و چەند تەوەرێكییان تاوتوێكرد.
دوێنێ، مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆکایەتی ئی سان گۆلدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوویەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، هەردوولا کۆبوونەوەیەکی درێژیان لەسەر بارودۆخی ئەم دواییەی هەرێم و سوریا ئەنجامدا و وەفدی ئەمریکا جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا و سوریا بەگشتی و بەردەوامی هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش کردەوە.
هەروەها باس لە گرفتە ئەمنی و ئابوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێگاکانی زیادکردنی پشتیوانی مرۆیی کرا، بۆ تێپەڕاندنی کاریگەریەکانی شەڕ و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووری بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
