دەستپاکی عێراق: سكاڵای گێڕانەوەی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار وەرگیراوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارەگێڕاوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا سکاڵا لەبارەی گێڕانەوەی 17،7 ملیۆن دۆلار تۆمارکراوە، لە کاتێکدا پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ بڕی 4،17 ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی جیاواز بەدەستهێنابوو و ئێستا کار بۆ گێڕانەوەیان بۆ عێراق دەکات".

​ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تشرینی دووه‌می 2021، موعتەز فەیسەڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارەگێڕاوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دەستەکەیان زانیاریی ریزبەندی ئەو پارانەی دەستنیشانکردووە و بەپێی ئەرکەکان و تایبەتمەندیییەکان و بەپێی میکانیزمەکانی گێڕانەوەی ئەو پارانە، کار بۆ گێڕانەوەیان دەکات.

بەڕێوەبەرەکە ئاشکرایکردووە، بەپێی یاسا، هەر بڕە پارەیەک بڕیاری دادگای لەبارەوە دەربچێت، کار بۆ گێڕانەوەی دەکەن، تاوەکو ئێستا سکاڵا لەبارەی گێڕانەوەی 17،7 ملیۆن دۆلار تۆمارکراوە، لە کاتێکدا پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ بڕی 4،17 ملیۆن دۆلار لە وڵاتانی جیاواز بەدەستهێنابوو و ئێستا کار بۆ گێڕانەوەیان بۆ عێراق دەکات.

ئەو رونیدەکاتەوە، هاوکات دەستەکە رەزامەندی یاسای بەدەستهێناوە بۆ دەستەبەسەرداگرتنی 14 موڵک و پێنج پشکی کۆمپانیای جیاواز. ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو بڕە پارانەی بڕیاری دادگایان لەبارەوە دەرچووە و کاریان لەسەر دەکرێت، نزیکەی دوو ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلارە.

بەڕێوەبەرەکەی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئاشکرایکردووە پارە بردراوەکانی عێراق بۆ پێش و پاش ساڵی 2003 دەگەڕێنەوە، فەرمانگەی بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانە بەرپرسن لە گێڕانەوەیان. 

موعتەز فەیسەڵ وتی: "ئەو پارانەی پێش 2003 براونەتە دەرەوە، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ کەسایەتی و کۆمپانیای رووپۆش، کە دانراون لەپێناو خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان و پارەدارکردنی رژێمی پێشوو لە روی ئاسایشییەوە، هەروەها پارەدارکردنی چالاکییەکانی دەرەوە و بەکارهێنانیان بۆ تۆقاندن و ترسی خەڵک وەک رێکارێک بۆ پاراستنی رژێمی پێشوو و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە دەرەوەی عێراق".

فەیسەڵ زیاتر ئاشكرایکردووە، هەر بڕە پارەیەک، کە لە دەرەوەی وڵات گومانی لێبکرێت و بە بەڵگە بسەلمێنرێ کە موڵکی گشتییە و براوەتە دەرەوە، دەستەکەیان داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات و پاش بڕیاری دادگا، دەستیبەسەردا دەگیرێت و کار بۆ گێڕانەوەی بۆ عێراق دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار