عێراق: دەست بە گەڕاندنەوەی كۆچبەران دەكەین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، 571 کۆچبەری عێراقی‌ کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون گەیشتوونەتە سنورەکانی بێلارووس و رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ش یه‌كه‌م گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە ده‌ستپێده‌كات.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی‌ لەگەڵ کەناڵی ئەلئیخبارییەی عیراق، ئاماژەی‌ بەوە کرد: "وەزارەتی دەرەوەی عیراق 571 کۆچبەری عیراقی لە سنوورەکانی بێلارووس تۆمارکردووە کە بەسەر هەشت کەمپدا دابەشبوون".

وتیشی‌: "بەهۆی ئەوەی سنووری بێلارووس 680 کیلۆمەتر درێژە ئاسان نییە بەوردی بزانین ژمارەی راستەقینەی کۆچبەرە عیراقییەکان چەندە کە گەیشتوونەتە سنووری ئەو وڵاتە".

لەبارەی ئەو دەروازانەی کۆچبەرە عێراقییەکان لێیانەوە گەیشتوونەتە بێلارووس، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەدا، لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و قەتەر و میسرەوە رۆیشتوون.

وتیشی، "تورکیا دەستی کردووە بە رێگریکردن لە گەشتکردنی کۆچبەرانی عیراق بەرەو بێلارووس".

لەبارەی گێڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوخۆی وڵات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2021، یەکەم گەشتی گێڕانەوەی کۆچبەرانی وڵات لە بێلارووسەوە بەرەو عیراق دەستپێدەکات.

دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەرانین بۆ وڵات و هۆشداریش دەدەین لە فریودانی هاوڵاتییان لەلایەن ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای زۆربوونی ژمارەی کۆچبەرانی عیراقی لەسەر سنورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا و سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان بێلارووس و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێشاوی کۆچبەران و داخستنی دەروازەکان و سەختبوونی ژیانی کۆچبەران لەسەر سنورەکان، حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە شێوەی ئارەزوومەندانە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە وڵات کە خوازیاری گەڕانەوەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار