پۆڵەندا: لەیەك ڕۆژدا 118 جار هەوڵی بەزاندنی سنورەكانمان دراوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزی سنورپارێزی پۆڵەندا رایگەیاند:" لەلایەن کۆچبەرانەوە هەوڵی بەزاندنی سنورەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت و تەنها دوێنێ یەکشەممە 118 هەوڵی لەو جۆرەیان پوچەڵکردوهتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا رایگەیاند: "تەنھا دوێنێ یەكشەممە 118 ھەوڵی بەزاندنی سنوورەكانی وڵاتەکەمان پوچەڵكردوهتەوە، 39 كۆچبەریش گەڕێنراونەتەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ھێزی سنورپارێزی پۆڵەندا، تەنھا لەم مانگەدا لەلایەن کۆچبەرانەوە پێنج ھەزار و 100 ھەوڵی بەزاندنی سنور دراوە.
هاوکات پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند: "چوار قاچاخچیان دەستگیر كردووە كە ھەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی و سویدی و ئۆكرانی و ئەڵمانی بوون و دەیانخواست 33 كۆچبەر بپەڕێننەوە".
دوێنێ یەکشەممە پۆلیسی پۆڵەندا بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی شەوی رابردوو لەسەر سنورەکان بە ئارامی و بەبێ کێشە تێپەڕی لە ئێستادا جموجوڵێكی نائاسایی لە ناو کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا دەستیپێكردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی بیلاڕوسیا و ئۆتۆمبێلی پەخشی تەلەفزیۆنی ئامادەكراوە و ھانی کۆچبەران دەدرێت ھەڵمەتی بەزاندنی سنووری پۆڵەندا ئەنجامبدەن.
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عیراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنوور زیاتر کردووە و دوێنێش سەربازێکی پۆڵەندا لەسەر سنور گیانی لەدەستدا.
ئەو کۆچبەرانە باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابووری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
