بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە پیرمام سەردانی مەسعود بارزانی کرد و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.
ئەمڕۆ دووشهممه 15ی تشرینی دووهمی 2021، نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند "لە سەلاحەدین بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی کرد و تاوتوێی دواین پێشھاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کراو بەشداری کورد لە حکومەتی داھاتووی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسییەکان بەوردی گفتوگۆی لەبارەوە کرا."
لە کۆبوونەوەکەدا دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی و پرسە هەنووكەییەكان، "جەخت لە یەکڕیزیی نیشتمانی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کرا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، قۆناغی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و "گرنگی یەک گوتاری کورد لە بەغدا بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە ''جەخت کرایەوە لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری."
