نێچیرڤان بارزانی: ئێستا کاتێکی گونجاوە ئاوڕێک لە داوای خەڵک بدرێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" ئێستا کاتێکی گونجاوە ئاوڕێک لە داوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەوەش زامنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییە".

​ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی دووه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک باسی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان، پێکەوژیانی پێکهاتەکان، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتیان و هاونیشتمانیان کرد. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کاتێک عێراق سەرکەوتوو دەبێت و ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بژین و یەکدی قبووڵ بکەن، تاوەکو لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیری بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان بەدەست بێت. وتی، "جگە لە یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، چارەسەرێکی دیکەمان نییە." 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت کە لە عێراق داواکاریی دیکە هەن وەکو باشترکردنی بژێویی ژیان، خزمەتگوزاری و هەلی کار، بەشدارییەکی کارای گەنجان لە حکومەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی. بۆیە ئێستا "کاتێکی گونجاوە ئاوڕێک لە داوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەوەش زامنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر سەیرێکی دۆخی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی هەر یەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە  هەر یەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکە بە ئەهمیەتەوە وەربگرێت. 

نێچیرڤان بارزانی رووی لە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد کە لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە هاتوون، وتی، "کورد لەو وڵاتانەدا نابێت جیابکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە، بەپێی سەنگی خۆی هاوبەش و بەشداریی پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا هاوبەش و بەشداربێت." گوتیشی کە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا هەر هەبوون و پێکەوە مێژوو و جوگرافیای هاوبەشیان هەیە و "بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ دەمێننەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی، ئێستا کە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکیانە کە مافی کولتووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان بدەن. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار