وەزیری ناوخۆ: لەداهاتوودا دەستور دەكەینە بنەمای هاوكاری و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ عێراق

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق لەدوو ساڵی رابردودا پەیوەندییەکی هاوکاری و هەماهەنگی بووە و بۆ قۆناغی داهاتووشدا دەستور و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەکەن بە بنەمای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان".

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تشرینی دووه‌می 2021، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە لە دوو ساڵی رابردودا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پەیوەندییەکی باش و تەواوکاری بووە، بەڵام کێشەی سەرەکی لەعێراقدا ئەوەیە "سیاسەتێکی ناوخۆیی و ناوچەیی تایبەت بەخۆی نیە و سیاسەتی ناوخۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەرەکی و ئەوانی دیکە بەڕێوەدەبات، ئەوەش وایکردووە ئەم وڵاتە نەبێتە هۆکارێک بۆ ئارامی بۆ ناوچەکە".

رێبەر ئەحمەد لەکۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمڕۆ سێشەممە بەئامادەبوونی سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە زانکۆی ئەمریکی -کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکانی بەغدا لەماوەی رابردودا کاریان لەسەر ئەوە نەکردووە "سیاسەت و ئەجێندای تایبەت بەخۆیان هەبێت، بۆ ئێمە دەستوری عێراق کۆکەرەوەی هەمووانە و دەتوانین لەسایەیدا  ئەجێندای تایبەت بەخۆمان دابڕێژین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخی ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و زۆرینەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە نائارامە، بۆیە پێویست دەکات هەمووان هەماهەنگ بن لە داڕشتنی سیاسەتێک کە ئاسایش و بەرژوەندی هاوڵاتیان چەقی کارکردنیان بێت".

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق لەدوو ساڵی رابردودا پەیوەندییەکی هاوکاری و هەماهەنگی بووە و بۆ قۆناغی داهاتووشدا دەستور و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەکەن بە بنەمای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار