بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ هاوڵاتی: لەدوای كاتژمێر شەش كۆچبەران دەگەنە هەولێر
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند:" لەكاتژمێر 6ی ئێوارە بەدواوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر".
ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی تشرینی دووهمی 2021، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" لەكاتژمێر 6ی ئێوارە بەدواوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانی یەکەمی کۆچبەران لە بیلاڕووسەوە دەگاتە هەولێر".
فڕۆکەکە تایبەتە بە هێڵی ئاسمانی عێراقی و 300 کۆچبەری هەڵگرتووە، سەرنیشنانی نێو فڕۆکەکە، کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقن، کە دوای بێئومێدبوون لەوەی پۆڵەندا سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بەسەردا بکاتەوە، بڕیاریانداوە بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە.
رۆژی 11ی تشرینی دووەم باڵێۆزخانەی عێراق لە بێلاڕووس رایگەیاند ئامادەیە گەشت بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانە رێکبخات کە دەیانەوێت لە بێلاڕووسەوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی کارئاسانکاری بۆ ئەو مەبەستە نیشانداوە، پەرلەمانی کوردستانیش بەنیازن لەبارەی دۆخی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕووس سەردانی چەند وڵاتێک و ئەو کۆچبەرانە بکەن، شاندەکە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی رەزامەندی حکومەتی پۆڵەندان.
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق، 3000 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندان کە زیاتر لە 1000 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستانن.
