وتەبێژی حکومەت: وتەبێژی حکومەت: بەداخەوە کێشەی کۆچبەران کرا بە بازرگانی سیاسی
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" یەکەم کاروانی کۆچبەران دەگەڕێتەوە هەولێر کە نزیکەی 95%ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. هاوکات ناونوسین بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان و وتیشی، تاوەکو ئێستا 10 قاچاخچی دەستگیرکراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وتەی د. جووتیار عادل، سزای هەر کەسێک دەدات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە "فێڵ و قاچاخ" بباتە وڵاتانی دیکە. وتیشی، "با خەڵک ئاگاداری فێڵی قاچاخچییەکان و بازرگانی سیاسی بن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەگەرمی" پێشوازی لە کۆچبەرە گەڕاوەکان دەکات، هاوکات "هەموو ئاسانکارییەک" دەکات تاوەکو ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
وتەبێژی حکومەت باسی لەوە کرد کە چەند لایەنێک ویستوویانە ئەو بابەتە بە سیاسی بکەن و بۆ "لەکەدارکردنی" نێوبانگی هەرێمی کوردستان بیقۆزنەوە، گوتی، "بەڵام خۆشبەختانە ئەو ئەنجامە بەدی نەهات و هەموو راستییەکان دەرکەوتن." دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانە بوونەتە "قوربانیی دەستی قاچاخچێتی."
وتەبێژی حکومەت "دڵنیایی" دایە هەموو دۆستەکانیان لەسەر ئاستی عێراق و ئەوروپاش کە هەوڵیان داوە و درێخی ناکەن لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو جۆرە کۆچکردنە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ و ساڵی رابردوو رێژەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە کەمتر بووە، "بەڵام بەداخەوە، هەندێک کەس و لایەن بابەتی کۆچکردنیان بەستەوە بە پرسی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، کە هیچ بنەمایەکی نییە. بێگومان ئەوانەی رۆشتوون، فریودراون و فێڵیان لێکراوە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە".
لەبارەی ئەو کۆچبەرانەی کە کێشەی پاسپۆرتیان هەیە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەتی عێراق هەماهەنگییان هەیە و ئەو کەسانە "ڤیزا پاسیان بۆ دروستکراوە و لە غەرامەی دواکەوتنی ڤیزاکەشیان بەخشراون".
رۆژی دووشەممە 08-11-2021 لێشاوێکی کۆچبەران بۆسەر سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا دەستیپێکرد بەمەبەستی پەڕینەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام پۆڵەندا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران سوپا و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی جووڵاند. بەهۆی سەرما و برسێتی و تینوێتی و سەختیی رێگەکە، بەشێک لە کۆچبەران بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دا و بەشێکیشیان هێشتا لەسەر سنوور و نێو کەمپەکانی بێلاڕووس کە لەسەر سنووری وڵاتەکەی بۆی دروستکردوون، ماونەتەوە.
