وڵاتان رێككەوتون لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بیلاروسیادا
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زۆربەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدان سزاكانی سەر بیلاڕوسیا زیادبكرێت لە بابەتی پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە كۆچبەران.
وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا ڕایگەیاند:"ئێمە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا ناکەین کە فەرمانڕەوای دانپێدانراوی وڵات نییە. با بە بیرت بێنمەوە کە هاوینی رابردوو لە بێلاڕوسیا چی رویدا؛ ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ وەکو سەرۆکی وڵات هەڵنەبژێردرا، خەڵکەکەی و یەکێتی ئەوروپاش رەتیدەکەنەوە".
ئەمڕۆ شەممە، 27ی تشرینی دووهمی 2021، ویتۆڵد ویشکۆڤسکی، وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا وتی، "ئێمە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا ناکەین کە فەرمانڕەوای دانپێدانراوی وڵات نییە. با بە بیرت بێنمەوە کە هاوینی رابردوو لە بێلاڕوسیا چی روویدا؛ ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ وەکو سەرۆکی وڵات هەڵنەبژێردرا، خەڵکەکەی و یەکێتیی ئەوروپاش رەتیدەکەنەوە."
یەکێتی ئەوروپا لە پرسی کۆچبەراندا پشتیوانی لە پۆڵەندای ئەندامی دەکات.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر بێلاڕوسیا لێشاوی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا نەوەستێنێت، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "لە بەرنامەماندایە سزای زیاتر بەسەر لوکاشێنکۆدا بسەپێنین، ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێکی رون دیار نەبوو کە تا ئێستاش هەر بەو جۆرە بەردەوامە. ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو شتەی کە ئەڵمانیا و پۆڵەندا هیوای بۆ دەخوازن."
بەگوێرەی داتاکانی سەنتەری پیوی ئەمریکی، ساڵی 2015، ملیۆنێک و 300 هەزار کۆچبەر گەیشتبوونە نێو 28 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا، کە زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بوون.
وەزیری پێشووی دەرەوەی پۆڵەندا لەو بارەوە گوتی، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چیدیکە ئامادەنین ئەو شتە دووبارە بکەنەوە بۆیە ئێستاش پاڵپشتی لە هەڵوێستی پۆڵەندا دەکەن.
ویتۆڵد ویشکۆڤسکی ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا هەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆریان نایانەوێت خۆیان لەگەڵ ئێمە بگونجێنن؛ ئەوان کار ناکەن و لەسەر ئەرکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەژین. بۆیە نامانەوێت ئەو هەڵەیەی ساڵانی 2015 و2016 دووبارە بکەینەوە."
دوای ساڵێک لە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لوکاشێنکۆ، لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەنگێلا مێرکل دوو جار پەیوەندی پێوەکرد بۆ ئەوەی لەسەر وەستاندنی لێشاوی کۆچبەران بگەنە رێککەوتن.
ویتۆڵد ویشکۆڤسکی رەخنە لەو کارەی راوێژکارە ئەڵمانییەکە دەگرێت، چونکە پێیوایە مێرکل بەو کارەی، رەوایەتی بە سەرۆکایەتی لوکاشێنکۆ داوە و ئامانجی سەرۆکی بێلاڕوسی بەدیهێناوە کە بە گوتەی خۆی دەیویست کۆچبەران وەکو گوشار بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان ناچار بکات لەگەڵیدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن.
