مەلا بەختیار: دەرماڵەی خوێندکاران بە 10ملیۆن دۆلار چارەسەر دەبێ ئەم پارەیە بۆ حكومەت هیچ نیە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەلا بەختیار ڕایگەیاند:" دەرماڵەی خوێندکاران بە 10ملیۆن دۆلار چارەسەر دەبێ، مەسول هەیە 500ملیۆن دۆلاری دزیوە".
ئەمڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵاى سياسى و بەرژەوەندی یەكێتی لە كۆنفڕانسی دابڕان لە سلێمانی ڕایگەیاند، "یەكێتی و پارتی نزیكەی 700 هەزار دەنگ كەمیان كردووە و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانە، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت".
وەک ئاماژەدان هۆشدارییەک بە بەرپرسان ئاماژەی بەوەشکرد، "یان بەرپرسیارێتی یان لەدەستدانی متمانە"، دەربارەی دەرماڵەی خوێندكاران وتی،"دەرماڵەی خوێندكاران 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت، كە هیچ نییە و مەسئولی وا هەیە 500ملیۆن دۆلاری دزیوە، بێ لە پارەی ژێرزەمینەکان و پارەی دزراو بۆ دەرەوەی ووڵات و پارەی کۆنتڕۆڵی گومرکەکان کە خەڵک هەمووی دەزانێت".
ئەوەشی وت، "مەسئول هەیە 200 ملیۆن دۆلاری دزیوە، هەیە 500 ملیۆن دۆلاری دزیوە، ئێستاش دەیڵێمەوە پارەی ژێرزەمینەكان دەربهێنن و پارەی دەرماڵەی خوێندكارانی لێبدەن". مەلا بەختیار وتیشی، "جێگای خەفەتە لەوڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو کوردستاندا گەنجانمان وڵاتەکە جێدەهێڵن".
