مەسرور بارزانی: لە هیچ شوێنێکی دنیا نەبووە لە زانکۆیەکی حکومی بخوێنیت و داوای دەرماڵە بکەیت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:"داواکردنی دەرماڵە بۆ ئەوەی خوێندنێکی خۆڕایی بکرێت، باوەڕ بکەن لە هیچ شوێنێکی دونیادا شتی وەها نییە". دەشڵێت: "دەبێت خوێندكاران رێگریی بکەن لەوەی کە سووکایەتیی بە سیمبوول و رەمزەکانی کوردستان بکرێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە خوێندكارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆلێژی پەروەردەی بنیات کۆبووەوە و ەک لە راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە، کۆبوونەوەکە لە پێناو زیاتر پێشخستنی دۆخی خوێندن و باشترکردنی بارودۆخی بەشەناوخۆییەکانی قوتابیانە. 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پێویستە لایەنی حکومەت و خەڵک گوێ لە یەکدی بگرن و پێکەوە گفتوگۆ بکەن، "حکومڕانی تەنیا ئەوە نییە کە حکومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش گوێی لێبگرێت، دەبێت هەردوولا بەیەکەوە کار بکەن".

هەفتەی رابردوو لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خوێندکاران خۆپێشاندانیان کرد و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکرد، بەڵام خۆپێشاندانەکان گرژییان تێکەوت، لەو بارەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە ئەگەر خۆپێشاندان دەکرێت با بە ئاشتییانە و مەدەنییانە بێت و چین و توێژە ناڕازییەکان نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ لای حکومەت.

لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان، گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دروستبوو و چەند باڵەخانەی حکومی و حیزبی لە سەیدسادق و پیرەمەگروون سووتێندران، لەوبارەوە مەسرور بارزانی دەڵێت، دەستێک هەیە کە ویستویەتی ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بەرەو ئاڵۆزی ببات و دەپرسێت، "بۆچی رێگە بدرێت کە بە ناوی خۆپێشاندان ئەجێندای سیاسی خۆی بە ناوی قوتابی جێبەجێبکات؟"

لەبارەی ئەوەی کە بەشێک لە خوێندکارەکان بێڕێزییان بە ئاڵای کوردستان کرد، سەرۆکوەزیران دەڵێت، ئەوە کاری خوێندکار نییە و "هەر کەسێک ئەوەی کردووە حکومەت لیی بێدەنگ نابێت.. پێویستە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، ئێمە بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین".

هەروەها بە خوێندکارانیش دەڵێت، ئێوە پێش هێزە ئەمنییەکان دەبێت رێگریی بکەن لەوەی کە سووکایەتیی بە سیمبوول و رەمزەکانی کوردستان بکرێت. "دڵنیام ئەمە کاری قوتابی نەبووە و هەرکەسێک ئەم کارەی کردووە حکومەت لێی بێدەنگ نابێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا، سەرکۆنەی ئەو لایەنانە دەکەن کە پەلاماری خوێندکارانیان داوە و هەروەها سەرکۆنەی ئەو کەسانەش دەکات کە پەلاماری هێزە ئەمنییەکانیان داوە.

لەبارەی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران مەسرور بارزانی دەڵێت، خوێندکاران بەخۆڕایی دەخوێنن، "داواکردنی دەرماڵە بۆ ئەوەی خوێندنێکی خۆڕایی بکرێت، باوەڕ بکەن لە هیچ شوێنێکی دونیادا شتی وەها نییە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر بمانەوێت چاو لە وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین.. ئەو وڵاتانە خوێندنیان بەلاش نییە، هەموو قوتابییەک دەبێت پارە بدات، بەڵام.. بانک قەرزیان پێدەدات، ئەو قەرزەش بۆ ئەوەیە کە دواتر بە قیست پارەی خوێندنی خۆیان بدەنەوە بە زانکۆکان، قەرزەکانیش حکومەت نایدات، بانک دەیدات".

 

لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرماڵەی خوێندکاران بڕدرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار