موراد قەرەیلان: توركیا مەبەستی پەكەكە نیە ئەوەندەی دەیەوێت گوندەكانی سەر سنور چۆڵبكرێن

"تورکیا پێنج جۆر چەکی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکارهێناوە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەی گشتی بڕیارگەری هەپەگە ئاشکرایدەکات سوپای تورکیا لە حەوت مانگی ڕابردوودا پێنج جۆر چەکی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکارهێناوە و کاریگەریی هەر پێنج جۆرەکەش دەخاتەڕوو. دەشڵێت:"ێمەش لەوە تێگەیشتین کە بابەتەکە گەریلا نییە، بەڵکو سوپای تورکیا دەیانەوێت خەڵکی ئەو ناوچەیە بترسێنن و گوندەکانیان پێ چۆڵ بکەن

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 28ی تشرینی دووه‌می 2021، موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتی بڕیارگەری ناوەندی پاراستنی گەل-هەپەگە لەمیانی بەشدارییکردنی لە پڕۆگرامێکی تایبەتی ستێرک تیڤی، باسی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد لەلایەن سوپای تورکیاوە، کە لە حەوت مانگی ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانیدا بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دژ بە گەریلاکانی کوردستان بەکاریهێناون.

موراد قەرەیلان جەختیش لەوەدەكاتەوە توركیا مەبەستی پەكەكە نیە و بەڵكو دەیەوێت هەموو گوندەكانی سەر سنورەكان داگیربكات و دەڵێت:" ئێمە لە ئەوروپاوە زانیاریمان پێگەشت کە خەڵکی ناوچەکە وتوویانە بەهۆی نزیکی گەریلاکانی پەکەکەوە سوپای تورکیا گوندەکانی ئەو ناوچەیە بۆردوومان دەکات، ئێمەش ئاگاداریمان بۆ هێزەکانمان نارد، کە ئەگەر نزیکن لە گوندەکانەوە بکشێنەوە و دووربکەونەوە، دوای ئەوەی هەڤاڵانمان تەدبیریان وەرگرت و دووریش کەوتنەوە، دیسان دەوڵەتی تورکیا ئەو ناوچەیەی بۆردوومانکردەوە، ئێمەش لەوە تێگەیشتن کە بابەتەکە گەریلا نییە، بەڵکو دەیانەوێت خەڵکی ئەو ناوچەیە بترسێنن و گوندەکانیان پێ چۆڵ بکەن.

وەک موراد قەرەیلان دەڵێت “ئەوەندەی ئێمە تائێستا پشتڕاستمان کردووەتەوە، دوژمن پێنج جۆر چەکی کیمیایی لەدژی ئێمە بەکارهێناوە”.

جۆر و کاریگەریی ئەو چەکە کیمیاییانەی سوپای تورکیا بەکاریهێناوە لەزاری موراد قەرەیلان؛

* جۆری یەکەمی ئەو چەکە گازی سنرە، ئەو گازەش مرۆڤ تووشی سڕبوون دەکات و دوای ماوەیەکی کورتیش گیان لەدەستبدات، ماددەی سەرەکیی ئەو گازەش تابوونە، کاتێک ئەو گازە بڵاودەبێتەوە، بۆنی میوە بڵاودەبێتەوە، هەندێک جاریش هەیە هیچ بۆنێکی لێ نایەت.

*جۆری دووەمیش کە بەکاریدەهێنێت مرۆڤ دەخنکێنێت، ئەو چەکە هەڵگری گازی کلۆرۆپینە و پێی دەوترێت گرین کرۆس، ئەم چەکە یەکەمجار ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دروستیکردووە، لەوکاتەوە تورکیاش بەدەستیهێناوە، ئەو چەکە کاتێک دەتەقێندرێت مرۆڤ دەخنکێنێت.

*جۆرێکی دیکەی گازە مرۆڤ دەستووتێنێت و وشکی دەکات، جۆری کیمیایی ئەو چەکەش پێی دەوترێت سولفور موستانت، ئەمەش هەر لەلایەن ئەڵمانیاوە دروستکراوە، ناوێکەی دیکەشی هەیە پێی دەڵێن یەلۆو کرۆس، ئەمە کاتێک بەکاردەهێندرێت هەندێ جار ڕەنگە سەوز دەدات و ئاگریش لەناو شوێنە دەکاتەوە کە دەتەقێندرێت.

*یەکێکی دیکە لەو گازانەی بەکاریدەهێنێت بارودۆخی مرۆڤ تێکدەدات و لەهۆش خۆی دەچێت، تووشی ئیفلیجبوونی کاتیی دەکات، ئەم گازە لە گردی کارتاڵ و چەندین شوێنی دیکە بەکارهات.

 

*جۆری پێنجەمیش گازی بیبەرە، واتە هەمان ئەو گازە لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردەهێندرێت، بێگومان کاتێک ئەو گازە لە شوێنی بەرتەسک یانیش توونێل بەکاردەهێندرێت، هیچ دەرفەتێک بۆ مانەوە ناهێڵێتەوە.

موراد قەرەیلان قسەیەکی وەزیری بەرگریی تورکیاش بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت: خلوسی ئاکار ڕەتیدەکاتەوە کە ئەو گازانەیان بەکارهێنابێت و دەڵێت تەنها گازی بیبەریان بەکارهێناوە، بەڵام درۆ دەکات، ئەو پێنج جۆرەمان تائێستا پشتڕاستکردووە کە لەدژمان بەکارهاتووە.

قەرەیلان ڕەخنەش لە بێدەنگیی نێودەوڵەتیی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: هێزە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام هێزە پارێزەرەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراتییەکان ئەم بابەتەیان کردە ڕۆژەڤ، تورکیا پشتی بە ناتۆ بەستووە بۆیە ئەم تاوانانە ئەنجامدەدات، بەڵام ناتۆش بێدەنگیی لێدەکات، هاوکات لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە لە باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم و پەرلەمان ناڕەزایەتیی دەرببڕن، بەڵام بەپێچەوانەوە دامەزراوەکانی باشووری کوردستان لەو پرسەدا دەستەوسان و بێدەنگ بوون.

باس لەوەش دەکات: ئێمە باش نازانین، بەڵام هەندێک باس لەوە دەکەن، کە چەکی کیمیایی کاریگەریی لەسەر هاوڵاتی مەدەنییش هەبووە و گواستوونیانەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بێگومان ئێمە ئەمەمان تەنها لە ڕاگەیاندنەوە بیستووە، بەڵام دەزانین کە لە دەوروبەری گوندی هرورێ چەندین جار هێرشیان لە دەوروبەری گوندەکە ئەنجامداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار