هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بەڤایرۆسی ئۆمیكرۆن لەهەرێم تۆمار نەكراوە
وەزارەتی تەندروستی بۆ هاوڵاتی:
4 ساڵ لەمەوپێش
مەزهەر كەریم
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات كەهێشتا هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بەڤایرۆسی نوێی ئۆمیكۆرن لەهەرێمی كوردستاندا تۆمار نەكراوە.
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»بەهۆكاری ئەوەی لەماوەكانی پێشودا ڤایرۆسی كۆرونا لەلوتكەدا بووە لەئێستادا رێژەكەی كەمی كردووە لەهەرێم، تەنیا 210 حاڵەتی تووشبوومان هەیە كەزۆرینەیان بەپێی ئامارەكە لەهەولێرن و هەڵەبجەش هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنای تێدا تۆمار نەكراوە ئەمە سەرەڕای هەبوونی پەتای وەرزی تەنیا لەڕێگەی پشكنینەوە حاڵەتەكان دیاری دەكرێت».
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی وت:» تاكە رێگەچارەسەر بۆ رێگری كردن لەپەتای كۆرۆنا چی بەكۆنو نوێوە (ئۆمیكرۆن) كە تائێستا تۆمارنەكراوە لەهەرێم دەبێت هاووڵاتیان پابەندبنو خۆیان بكوتنو ڤاكسین وەربگرن، هەموو توانایەكی ماددیو مرۆیمان لەبەردەستدایە بۆ دیاری كردنی سەرجەم جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا».
دكتۆر زانا حەمید سەرپەرشتیاری تیمی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لەشاری سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان كەمتر بەریەك دەكەنو جیاواز لەوەرزی هاوین و بەهار لەوەرزی سەرمادا نیشانەكانی تووشبوون بەكۆرۆناو بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكە كەمی كردووە».
ئەو سەرپەرشتیارەی تیمی پشكنینی ڤایرۆس وتیشی:» دروستبونی گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) كاریگەری زۆری دەبێت لای خۆمان كەهۆكارن بۆ زیادكردنی گۆڕاوە تازەكان، لەئێستادا گۆڕاوە تازەكە تۆمارنەكراوە لەنەخۆشخانەكەمان، بەڵام ناتوانین بڵێین نیە، سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەم جۆرە نۆیەین، لەئێستادا كاردەكەین ڤایرۆسی گۆڕاوی (ئۆمیكرۆن)ش بدۆزینەوە».
لەبارەی ترسو دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان لەڤایرۆسی نوێو تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆناو جیانەكرنەوەی لەگەڵ پەتای وەرزی، تەندروستی سلێمانی رێنماییو هۆشداری دەداتە دانیشتوانی شاری سلێمانی، كەدەبێت پشكنینو خۆپارێزی ئەنجامبدەن تا دڵنیابنەوە لەجۆری ڤایرۆسەكەو ئەو پەتایەی تووشیان بووە.
دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە هاوڵاتى وت:» لەم وەرزدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان تووشی پەتای وەرزی بوون، بۆ جیاكرنەوەی پەتای وەرزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا تەنیا پشكنین جیای دەكاتەوە خۆشبەختانە تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ لە 5% كەمی كردووە».
ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە كە ئەوەی جێگەی نیگەرانیە تائێستاش خەڵك وەك پێویست ڤاكسین وەرناگرن، وتیشی:»بەداخەوە مەلاو حاجی وەهامان هەیە باوەڕی بەڤاكسین نیە، پابەندی رێنماییەكانمان نابن».
وتیشی:» چی كارمەندانی تەندروستیو مامۆستایان دەبێت خۆیان بكوتن و ڤاكسین وەربگرن، ئەوان لەوەرگرتنی ڤاكسین دەترسن، دڵنیایان دەكەینەوە هیچ زیانێكی تەندروستی نیە، هیچ كەسێك بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە نەمردووە».
