حکومەتی هەرێم: بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندیی گشتیی هەمووان لەخۆبگرێت، هەروەها دەشڵێت، "لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە." 

ئەمڕۆ چوارشەممە 13-04-2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پەیڕەوی ناوە بازرگانییەکانی پەسندکرد. هەروەها لەسەر داوای وەزیری کشتوکاڵیش لە مانگی رەمەزاندا بە فەرمی باج و گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو هەڵگرت.

لەبارەی کۆبوونەوەکەش، ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندیی گشتیی هەمووان لەخۆبگرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن و رێککەوتنی کۆتایی ئەنجامنەدراوە، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و حکومەت پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپاتدەکاتەوە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت."

رۆژی دووشەممە 11-04-2022، شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتى عێراق کۆبوونەوە. لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق باسی سەردانەکەیانی کرد و ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبێت پارێزراو بن.

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپات دەکاتەوە تا گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور، کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.

لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی سەبارەت بە هەڵگرتنی رەسمی باج و گومرگ لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی رەمەزان پەسندکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسندکردنی (پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ) کە لە لایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، وەک لە هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاساکە هاتووە، مەبەست لەم یاسا نوێیە ئەوەیە، وەزارەت بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێشکەوتن و فراوانبوونی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بێت و لە ئاستی داخوازیی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بێت، لە پڕۆژەیاساکەدا، پێکهاتەی نوێی وەزارەت، لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان بەجۆرێک رێکخراوەتەوە ، کە لە ئاست ئامانج و چالاکیيەکانی وەزارەت بن، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی 10 ساڵی جێبەجێکردنی یاسای ئێستا، بڕیاردرا پڕۆژەکە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ پرۆسەی بەیاساییکردنی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار