نێچیرڤان بارزانی بۆ د. بەرهەم ساڵح: پۆستەکەت مایەی شانازییە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی د. بەرهەم ساڵح کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR).

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا، "نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە توانا و ئەزموون و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەڕێزیان".

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەڕێزیان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆییەکانی جیهان دەکات".

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "بەهۆی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی، د. بەرهەم ساڵح دەتوانێت رۆڵێکی کارا لە کەمکردنەوەی ئازاری پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان ببینێت".

ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی کوردستان "باشتر لە هەمووان دەرک بە ئازاری ئاوارەیی دەکەن"، هەر بۆیە هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ سەرکەوتنی لەم ئەرکە نوێیەدا دووپات کردەوە.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرا.

ئەوە دووەم باڵاترین پۆستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بڕیارە تاوەکو 5 ساڵی داهاتوو، کاروباری نزیکەی 120 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە سەرتاسەری جیهان بەڕێوەببات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار