بە بەڵگە لەهەندێک شوێن دامەزراندن بەناوی جیاجیا هەیە
رێکخەرێكی خۆپێشاندانی کارمەندانی خۆبەخش بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەمرۆ کارمەندانی خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆن لە سلێمانی خۆپێشانداندەستپێكرد و رایانگەیاند:" بایکۆتی دەوام دەكەین تا مافەكانیان وەردەگرن".
کۆچەر عەزیز، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانی کارمەندانی خۆبەخش، بە هاوڵاتی وت:" خۆپیشاندانەکەمان بۆ داواکردنی دامەزراندنی دەرچووانی تەندروستی و خۆبەخشانی کەرتی تەندروستییە، کە بەشێکیان چەندین ساڵە وەکو خۆبەخش کاردەکەن:"
ئەم رێكخەرەوە ئەوەشی ورنكردەوە:" دەبینین بە بەڵگە لەهەندێک ناوچە و شوێن دامەزراندن بەناوی جیاجیا هەیە، کەچی بۆ هەندێک شوێنی دیکە دامەزراندن نییە".
کۆچەر عەزیز، وتیشی:" ئەمڕۆ خۆپیشاندان و بایکۆت لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بەیانی و رۆژانی داهاتووش لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سلێمانی دەبێت و دوای ئەوەش شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە".
دەستەی نوێنەرایەتی خۆبەخشی سەرجەم بنکە و نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە راگەیێنراوێکدا رایانگەیاند: "چەندین بەڵگە لەبەردەستدایە کە دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی تەنیا لە سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری راگیراوە، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر بە ئاشکرا دامەزراندن و گرێبەست دەکرێت بۆ کارمەندانی تەندروستی و بۆ کەسی خۆیان وەزیر بە شەخسی دەیکات، ئەوەش بە بەڵگەی پێویست دەخەینەڕوو."
هەر لە راگەیێندراوی دەستەکەدا هاتووە: "بە گوێرەی دوو نووسراو لە رۆژی 5-4-2022، بە فەرمانی وەزاری 100 کەس بەشێوەی گرێبەست لە زاخۆ دامەزرێندراون لە کاتێکدا دوو رۆژ پێش ئەوە و لە رۆژی 3-4-2022 بە فەرمانی وەزاری کارکردنی 17 کارمەندی خۆبەخش لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگیراوە بە بیانوی ئەوەی کارکردن بە خۆبەخش وەستاوە."
ژمارەیەک داواکارییان خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
1- سەرجەم خۆبەخشان کە دەیانەوێت مافیان نەخورێت بەشدار بن لەو خۆپیشاندانە.
2- داوا لە سەرجەم کارمەندانی دانەمەزراو لە شار و شارۆچکەکانی (ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق) لەگەڵمان بەشدار بن ئەوانیش لە شارەکانی خۆیانەوە هاوکاربن و هەمووان بەیەکەوە داوای مافی خۆمان بکەین.
3- هیچ حیزب و لایەنێک خاوەنی خۆپیشاندان نییە رێگەشیان پێنادەین خاوەندارێتی بکەن.
4- هەرکەس و لایەنێکیش توانی پشتگیری و قسە بکات لەسەر مافی کارمەندانی دانەمەزراو ئەو کەسانە رێزلێگراو دەبن لای ئێمە و دەستخۆشیان لێدەکەین.
5- ئێمە بەردەوام دەبین لە مانگرتن تاوەکو ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە.
6- داواش لە کارمەندانی تەندروستی دامەزراو دەکەین پشتیوان و هاوکارمان بن، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوان کاردەکەین و ئەرکی ئەوان کەمتر دەکەینەوە.
