داوای رونكردنەوە لە هەڤاڵ ئەبوبەكر دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بە نوسراوێکی فەرمی داوایەک ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەن و دەڵێن: "شارەکەمان غەرقی چەندین قەیران بووە و داوای روونکردنەوە لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەکەین لەبارەی سەردانەكەی بۆ هندستان".
بە نوسراوێکی فەرمی، چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای روونکردنەوە لە هەڤاڵ ئەبوبەکر دەکەن و دەڵێن، "سەردانی پاریزگار بۆ هیندستان، نارەزایی زۆری لە ناو سۆشیال میدیا و راگەیاندن و لەناو هاوڵاییان بەدوایخۆیدا هێنا، تا ئێستا نازانرێت ئامانج لەم سەردانە گەشت بووە یان سەردانێکی فەرمی."
ئەو چەند ئەندامە ئاماژە بەوە دەکەن، "بەپێی پۆستانە بێت کە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، بەشێکی زۆری تەنها وێنەگرتن بووە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کلتوری ئەو وڵاتە و هەتا ئێستاش هیچ روونکردنەوەی نەداوە."
جەختیش دەکەنەوە لەوەی، ئەم جۆرە سەردانانە لەکاتێکدایە پارێزگای سلێمانی غەرقی چەندین قەیرانی بەمەبەست دروستکراو بووە و هاوڵاتییان بەدەست نەبوونی چەندین خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. بەهۆی خراپی لە دابەشکردنی مووچە خانەنشینان تووشی چەندین نارەحەتی بوون."
لە کۆتاییشدا داواکارن بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە نووسراوی فەرمی "داوا لە پارێزگار بکرێت روونکردنەوە بدات لەسەر سەردانەکەی و دەستکەوتەکانی کە بەدەستیهێناوە."
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، هەفتەی رابردوو بە سەردانێك گەیشتە هندستان و چەند وێنەی رۆژانەی لەو وڵاتە بڵاوكردەوە و بەوەش نارەزایی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هینا.
