وەزیری شارەوانی: کرێی مانگانەی ئاوی ماڵان 75٪ کەمکرایەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم رایگه‌یاند:" كرێی ئاوی ئه‌و ماڵانه‌ی پێوه‌ریان نه‌به‌ستبوو بۆ 20 هه‌زار دینار كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌ 80 هه‌زار دینار بۆیان هه‌ژمار كرابوو.

ساسان عەونی‌، وەزیری‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزاری هه‌رێم ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی نیسان، لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەنووسیدا رایگه‌یاند: "کەمکردنەوەی‌ کرێی ئاوی‌ ماڵان کە لەلایەن وەزارەتی‌ شارەوانییەوە بڕیاری‌ لێدراوە، بەشێکی‌ زۆری‌ ماڵان لە کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشە تا ئێستا پێوەرییان نەبەستووە، بۆیە کرێی مانگانەیان بە 80 هەزار دینار بۆیان ئەژمار کرابوو".

وتیشی: "دوای‌ ئەوە هاوڵاتیان داواکارییان بەرزکردبۆوە بۆ کەمکردنەوەی‌ ئەو کرێیە، لیژنە تایبەتمەندەکانی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوەڕۆ چەند پێشنیازێکیان خستە روو لە ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم رەزامەندی‌ درا بە کەمکردنەوەی‌ %75ی‌ کرێی ئاوی‌ ماڵان بۆ ئەوانەی‌ کە پێوەرییان نەبەستووە لە ناوشاری‌ هەولێر واتا لە 80 هەزار دینارەوە بۆ 20 هەزار دینار، لە قەزاو ناحییەکانیش لە 80 هەزاردینارەوە بۆ 10 هەزاردینار، بۆ شوێنە بازرگانی‌ و پیشەسازییەکانیش لە 200 هەزاردینارەوە داشکانی‌ %40ی‌ بۆ دەکرێت".

باسی له‌وه‌شكرد: "دەبێت هاووڵاتییان دەست بە سامانی‌ ئاوەوە بگرن، بەتایبەتی‌ لەو ساڵانەی‌ کە وشکەساڵی‌ رووی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان کردووە، لەکاتێکدا ئێستا چەندان پڕۆژەی‌ دابینکردنی‌ ئاوی‌ خواردنەوە و پێنج هەزار و 700 بیری ئاوی‌ ژێر زەوی‌ بوونی‌ هەیە، کە بە گشتی‌ لە سەرانسەری‌ کوردستان دوو ملیۆن و 684 هەزار مەتر سێجا ئاو لە بیرو پرۆژەکان بۆ هاوڵاتیان دابینکراوە، کە تێچووی‌ هەر مەترێک 335 دیناری‌ عیراقییە لە ئەستۆی حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان و دابینکردنی‌ ئاو یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو پڕۆژانەی‌ کە حکوومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان کاری‌ لەسەر دەکات و دوایین پڕۆژەی‌ بڕیارلێدراویش تەرخانکردنی‌ 70 ملیۆن دۆلارە بۆ پرۆژەی‌ ئاوی‌ چەمچەماڵ و لە ماوەیەکی‌ نزیکدا جێبەجێ دەکرێت".

لەبارەی‌ هەوڵەکانی‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ وشکە ساڵیش لە کوردستانیش وەزیری‌ شارەوانی‌ هەرێمی‌ کوردستان روونی‌ کردەوە کە پلان و بەرنامەی‌ پێویست داڕێژراوەو سەرۆکایەتی‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیران پلانی‌ خەرجکردنی‌ هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار