لەماوەی 19 مانگی زینداندا تەنها یەك جارو بۆ ماوەی 10 خولەك رێگە دراوە منداڵەكانم ببینم

بێریڤان ئەیوب دوای ئازادكردنی بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

بێریڤان ئەیوب دوای ساڵێك و حەوت مانگ لەزیندان ئازاد كراو دەڵێت:» خەونی منە گوزەرانی ناو زیندان بكەم بەكتێبێك و بڵاوی بكەمەوە، لەناو زیندان ژیانی خۆم نوسیووە، بەڵام كە ئازادكرام رێگەیان پێنەدام نووسینەكانم بهێنمە دەرەوە، بەڵام لەبیرمدا ماوەتەوە»و دەشڵێت:» لەو ماوەیەی كە لەزیندان بووم و یەك جارو بۆ ماوەی 10 خولەك منداڵەكانم بینیوە».

ئەمرۆ 10ی ئایار، دادگای دووی هەولێر  بڕیاری ئازادكردنی مەرجدار بۆ ژنە چالاكوان بێریڤان ئەیوبی دەركرد كە سزای دوو ساڵ زیندانیكردن بەسەردا سەپێندرابوو .

دوای ئازادكردنی بێریڤان ئەیوب سەرەتا باس لەكاتی دەستگیركردنی خۆی كردو وتی « من و منداڵەكانم لە فامیلی موڵی هەولێر بووین، لەناكاوێداو لەپێش چاوی منداڵەكانم و خەڵك و لەشوێنێكی گشتی كەلەپچەكرام، دواتر منیان بردە زیندان، لەزیندانیش لەژوورێكی تاكەكەسی بووم بۆ ماوەی  15رۆژ لەو ژوورەدا بەتەنیا بووم و مامەڵەی دەزگا ئەمنیەكان لەگەڵ من باش نەبووەو رێگایان بەپارێزەركەم و منداڵەكانم نەدەدا بیانبینم، ئەوكات لەبارودوخێكی زۆر خراپدا بووم».

هەروەها باسی لەوەشكرد دوای ئەوەی حوكمدراوە دەزگا ئەمنییەكان شێوازی مامەڵەیان گوڕیوەو بەشێوەیەكی باش مامەڵەیان لەگەڵ كردووە.

بێریڤان ئەیوب، باس لەپەیوەندی خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵەكانی دەكات و وتی:» لەسەر پرسی جیابوونەوەم لەگەڵ پیاوەكەم ناتوانم هیچ شتێك بڵێم، بەڵام بەتەواوی لێی جیابوومەتەوەو ناگەڕێمەوە لای، تەنیا ئەوە ماوە دەچمە دادگای دهۆك و منداڵەكانم بە رەسمی وەردەگرمەوە، ئەو كاتەی لەزیندان بووم تەنیا یەك جار منداڵەكانی خۆم بینیوە بۆماوەی 10 خولەك».

چالاكوانەكەی بادینان ئەوەشی روونكردەوە كە لەناو زیندان زۆر شتی تایبەت لەسەر ژیانی خۆی نووسیوە، وتی:» رۆژانە سەرقاڵی نووسینەوەی چیرۆكی خۆم بووم لەناو زیندان و ئەو نەخۆشیانەی كە بینیومە، بەنیاز بووم ئەو نووسینانە هەمووی كۆبكەمەوە دواتر بیكەمە كتێبێك و بڵاوی بكەمەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە كە ئەمڕۆ لەكاتی ئازادكردنم رێگەیان بەمن نەدا ئەو نووسینانە لەگەڵ خۆم ببەمەوەو وتیان نابێت هیچ شتێك لەگەڵ خۆت ببەیتە دەرەوە، شتەكان هەموو لەبیری مندا ماونەتەوە پشتیوان بەخوا جارێكی تر دەینووسمەوە».

بێریڤان ئەیوب، تاكە ژنی چالاكوانی بادینانە لە 13/10/2020 دەستگیركراوە، دواتر  بەتۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان» و بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، پاش تەواوكردنی نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ لەسزاكەی ئازاد دەكرێت.

«راستە دەزگا ئەمنییەكان تۆمەتی ئەوەیان خستووتەوە پاڵ من كەپەیوەندیم لەگەڵ پەكەكە هەیە، ئەم قسانە هیچ راست نین، من كەسێكی سەربەخۆم و راستە پەكەكەش شەهیدو قوربانیان داوەو خەباتیان كردووە بۆ گەلی كورد    ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستیەوە كە پەیوەندیم لەگەڵ پەكەكەدا هەبێت»، بێریڤان وای وت.

ئەو ژنە چالاكوانە ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دەچێتەوە بۆ دهۆك و لەوێ دەبێت و لەدادگاش منداڵەكانی خۆی وەردەگرێتەوە» تەنیا چالاكوانێكی بادینانم داوای دادوەری و ماف و مووچەی فەرمانبەرانم  كردووە و هیچی تر.

هاوكات لەڕێگەی رۆژنامەی هاوڵاتییەوە سوپاسی هەموو دەزگا راگەیاندنەكان و رۆژنامەنووسان و تیمی پارێزەرانی بادینان و كوردانی تاراوگەو ناوخۆی هەرێمی كوردستانی  كردو وتی:» قەرزاریانم».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار