گەشانەوەی خەڵوزی نێرگە روداوی تەقینەوەی كافتریاكەی سلێمانی بووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی ئاشكرای كرد:" لێچون و بەنگخواردنەوەی غاز هۆكاری روداوی تەقینەوەكەی شەوی رابردوی كافتریای لیلی بووە لە سلێمانی كە لەو شوێنەدا خەڵوزی نێگەلەی تێدا گەشێندراوەتەوە".
رێكان عەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"دوای 14 كاتژمێر كاركردنی بەردەوام كاركردنی تیمەكانی بەرگری شارستانی لە كافتریای لیلی كۆتایی هات، لە ئەنجامدا دەركەوت روداوەكە بەهۆی لێچونی غاز و كۆبونەوە و پەنگخواردنەوەی بووە لە بەشی دواوەی كافتریاكە كە هەر لەو شوێنەدا خەڵوزی نێرگەلەی تێدا گەشێندراوەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوەی دەوترا بەهۆی تەقینی تانكی غازەوە بووە، دورە لە راستییەوە و سیستەمی غازەكەی وەك خۆی ماوەتەوە و زیانی بەرنەكەوتوە، كێشەكەی تەنها لێچونی غاز بووە.
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە جگە لە زیانە ماددیەكان كە دوو نهۆمی بیناكە روخاوە و زیان بە دوو بینای نزیك كافتریاكەش گەیشتووە، چواردە كەسیش برینداربون كە زۆرینەیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە.
"لەئێستادا كەیسەكە لە بنكەی پۆلیسی رزگارییە و دواتر دادگا لایەنی كەمتەرخەمی روداوەكە یەكلایی دەكاتەوە"، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی وای وت.
درەنگانی شەوی رابردوو لە كافتریای لیلی لەشەقامی سالم لە شاری سلێمانی تەقینەوەیەك لەناو كافتریایەكدا رویدا و بەهۆیەوە زەرەرو زیانێكی ماددی زۆر بەر شوێنەكە كەوت و ژمارەیەك كەس تێدا برینداربوون.
