گەریلا؛ بادینان بۆ سوپاكەی ئەردۆغان دەكاتە دۆزەخ

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
درەنگانێكی شەوی رابردوو هێزەكانی گەریلا لە برادۆست هێرشیان بۆ سەربازگەیەكی توركیا كردووەو دەیان كەسیان لەسوپاكەی ئەردۆغان لەناوبردووەو بە سێ هەلیكۆپتەر كوژراو بریندارەكانیان گواستووەتەوە.
میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بڵاویان كردەوە كە "هێزەكانی گەریلا لە ناوچەی برادۆست چالاكییی گەورەیان لەدژی بنكەسەربازییەكانی دەوڵەتی تورك ئەنجامدا و بە دەیان سەرباز كوژران و برینداربوون".
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە "بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان، درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزەكانی گەریلا چالاكییەكی گەورەیان دژ بە سەربازگەكانی سوپای دەوڵەتی داگیركەری تورك دەستپێكردووە لە گوندەكانی چیادێل و گەروخاڵەت، لە دەشتی هێرت لە دەڤەری برادۆست و شەڕ و پێكدادان هەتا بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بووە".
هاوكات ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە "بە دەیان سەربازی دەوڵەتی تورك كوژراون و برینداربوون و سێ هێلیكۆپتەر لە ناوچەكە نیشتووەتەوە بۆ هەڵگرتنەوەی بریندارەكان و تەرمی كوژراوەكان".
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوبەری شارەدێی سیدەكانی ناوەندی برادۆست، بە میدیاكانی راگەیاندووە، كە "شەڕێكی سەخت لەنێوان گەریلا و سوپای توركدا ڕوویداوە و سێ هەلیكۆپتەری توركیا كوژراو بریندارەكانیان گواستووەتەوەو چوار تەرمی گەریلاش لە گوندی چیادێلدا هەیە".
بریارە هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) بەم زوانە راگەیەندراوی خۆیان لەسەر ئەو شەرو پێكدادانە بڵاوبكەنەوە.
