وشیار زێباری فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لەژێر ناوی "تاوانی چەندینجار سوكایەتیكردن بە دەسەڵاتی دادوەری"، بڕیارێكی دەركردوە بۆ دەستگیركردنی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی.
سەرچاوەیەكی دادوەری بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە رۆژی 16ی ئایاری 2022 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هۆشیار زێباری دەركرد بە پشتبەستن بە سكاڵایەك كە لەلایەن نوێنەری یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە پێشكەش كراوە بە تۆمەتی "تاوانی چەندینجار سوكایەتیكردن بە دەسەڵاتی دادوەری".
هۆشیار زێباری لە چەند بۆنەیەكدا ڕەخنەی لەو بڕیارانە گرتبوو كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە و بەتایبەت دادگای باڵای فیدڕاڵی دەركرابون، تایبەت بە دەركردنی بڕیارەكانی پەیوەست بە پرسە سیاسییەكان، كە دوایینیان تۆمەتەكەی دوێنێی هۆشیار زێباری بوو كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراكی بە بڕیارێكی لایەنگر وەسفكرد و رایگەیاند: "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەڕوی ئەمنی و ئابورییەوە زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت".
رۆژی 6ی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای چوار پەرلەمانتار كە سیانیان یەكێتیین و ئەوی تریان سەربەخۆ بوو، لەبارەی بڕیاری پەسەندكردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوەوە و رایگەیاند، كە پەسەندكردنی كاندیكردنی هۆشیاری زێباری لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەستوری نەبووە، چونكە ئەو كاندیدە ئەو مەرجانەی تیادا نیە كە لە ماددەی 68ی دەستوردا هاتون، ئەمەش پێشێلكار راشكانەوانەی دەستورە بەوپێیەی مەرجەكانی "باشی ناوبانگ"ی تێدا نییە.
رۆژی 13ی شوبات دادگای فیدڕاڵی جارێكی دیكە لەبارەی دۆسیەكەوە كۆبوەوە و بڕیاریدا كە هۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات.
